كۆبوونەوەی وڵاتانی بێلایەن لە تاران/ گرتنەبەری رێوشوێوێنی توندی ئەمنیەتی لە كوردستان

20:43 - 4 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: بەهۆی بەڕێوە چوونی شازدەیەمین دانیشتنی وڵاتانی بێلایەن (غیر متعهد) شێوە حكوومەت نیزامی لە تاران جێگیر كراوە و ئەم رەوشە هێندێ لە شارەكانی كوردستانیشی گرتۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، شازدەیەمین دانیشتنی وڵاتانی بێلایەن (غیر متهد) كە بڕیارە لە رۆژانی 9 و 10ی خەرمانان لە شاری تاران دەست پێبكات، ناوەندە نیزامی و ئەمنیەتییەكانی حكوومەت شێوەی حكوومەت نیزامییان لە تاران و دەروازەكانی ئەو شارە جێگیر كردووە و رێوشوێنی توندی ئەمنیەتی گیراوەتە بەر.

هەواڵنێری كوردپا لەزاری شایەتحاڵانەوە لە شاری سنە ئاشكرای كردووە، رۆژی هەینی هێزێكی زۆری نیزامی و ئەمنیەتی لە دەروازەكانی ئەو شارە وێستگەی پشكنینیان داناوە و پێشیان بە هەموو ماشینێك گرتووە و بەتایبەت لە جادەی ئاوایی \"سەڵوات ئاوا\" ئەو كارە بە توندی بەڕێوە چووە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش داوە، ماوەی زیاتر لە یەك حەفتەیە ئەم رێوشوێنە ئەمنیەتییانە و بەتایبەت لە بازگە و ویستگەكانی سنە ـ مەریوان، سنە ـ هەمەدان، سنە ـ سەقز و سنە ـ كرماشان هەموو ماشینێك دەپشكنن و كارتی پێناس لە خەڵك وەردەگرن و بەتایبەت ئەو ئۆتووبووسانەی كەلە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو تاران دەچن.

بەپێی زانیارییەك كە لەلایەن خەڵكی نیشتەجێی سەر سنوورەوە بە ئاژانسی كوردپا گەیشتووە هەر بەم بۆنەوە، ماوەی چەند رۆژێكە سنووری پیلەوەریی \"دەرەوەران\"ی سەر بە بەخشی خاو و میراوای مەریوان و پیله‌وه‌ریی \"سه‌یرانبه‌ند\"ی بانه‌ داخراون و نەیانهێشتووە كۆڵبەر و كاسبكاران ئالووێری شتومەك و كاڵا بكەن.