لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، سێ ژنە زیندانی لە زیندانی قەرەچەکی وەرامین، بە هۆکاری جیاجیا هەوڵی خۆکوژیان داوە.
ماڵپەڕی مافی مرۆیی "هێرانا" لەو بارەیەوە نووسیوویەتی: "یەکێک لەو ژنانە که خۆی کوشتووە زیندانییەکی زیندانی قەرەچەک بەناوی "مونیرە بەهرامیـ"ـە کە لەدایکبووی ساڵی ٦٦ی هەتاویه و لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوه بە چارشێوەکەی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە".
بە پێی ڕاپۆرتی ئەو ماڵپەڕە مافی مرۆییە، مونیرە ماوەی سێ مانگە دەسبەسەرە و چارەنووسی لەو ماوەیەدا ناڕوون بووە، ئەو ژنە زیندانییە، گومانی تووشبوون به کۆرۆنای هەبووە و بەهۆی گوشارەکانی زیندان و ترسی لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەوڵی خۆکوژی داوە.
ئەو ماڵپەڕ لە درێژەدا، نووسیوویەتی: "زیندانییەکی دیکە دوو ڕۆژ پێش لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی ڕەواندەرمانیی ئەمین ئاوای تاران دەستی داوەتە خۆکوژی و کوتایی بە ژیانی خۆی هێناوە".
ژنە زیندانییەکی دیکە لەو ماوەیەدا، لە زیندان هەوڵی خۆکوژی داوە، بەڵام لە کاتی خۆیدا، ڕەوانەی بێهداریی زیندان کراوە و لە مردن ڕزگاری بووە.
هەڵسووکەتی نەشیاوی بەرپرسانی زیندان و بارودۆخی خراپی شوێنی ڕاگرتنی زیندانییان، لە هۆکارەکانی خۆکوژیی زیندانییان بە ئەژمار دێن.