کەمپەینی پشتیوانی لە رزگارکردنی کانی بڵ: رزگاربوونی کانی بڵ دەنگۆیە

16:30 - 22 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی گرووپی کاریی رزگاریدەری کانی بڵ لە پاوە، هەواڵی رزگارکرانی کانی بڵ کە لە زاری فەرمانداری ئەو شارەوە بڵاو ببووەی دوور لە راستی زانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، موختار هاشمی لە بەرانبەر لێدوانەکانی فەرمانداری شاری پاوە لەبارەی بوژانەوەی کانی بڵ هەڵوێستی گرت و ئەو هەواڵەی دوور لە راستی وەسف کرد.

هاشمی هەروەها رایگەیاندووە کە بەرپرسە حکوومەتییەکان لە رزگارکردنی کانی بڵ وەکوو سووژەیەک بۆ پڕوپاگەندا کەڵک وەدەگرن و ئەمەش باش نیە کە هەواڵێکی لەو چەشنە بڵاو بکرێتەوە.

\"26942.jpg\"
موختار هاشمی: رزگاربوونی کانی بڵ دوور لە راستی زانی
بەرپرسی کاریی گرووپی رزگاریدەری کانی بڵ ئەوەشی زیاد کردووە کە ئێمە لە سەرەتاوە وتوومانە، خاوەن‌کار دەیهەوێت کە سەرچاوە و ئاوی ئەو کانییە لێک جیا بکاتەوە و ئەم گەڵاڵەیە هیچ یارمەتییەک بە رزگاربوونی کانی بڵ ناکات.

موختار هاشمی لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەداوە کە تێکەڵ‌بوونەوەی ئاوی کانی بڵ لەگەڵ ئاوی بەنداوەکە، لە راپۆرتی کۆتایی گەڵاڵەی پێشنیارکراو و جێبەجێ‌کراوی خودی خاوەن‌کاردا هاتووە بەڵام فەرمانداری پاوە و خاوەن کار لە جێبەجێ‌کردنی ئەو گەڵاڵەیە وەکوو سووژەیەکی میدیایی بۆ بەلاڕێدا بیروڕای گشتی کەڵكیان وەرگرتووە.

ئەم چالاکە ژینگەپارێزییە لە درێژە دووپاتی کردەوە کە بە میدیایی کردنی ئەو گەڵاڵەیە و بە سەرکەوتوانە وەسف کردنی لە لایەن فەرماندارەوە مانۆڕێکی لاواز و سووکە.

\"26943.jpg\"
پێشتریش، بەرپرسی ژینگەپارێزی شاری کرماشان راگەیاندبوو: ئەگەری زۆری هەیە کانی بڵ بە هۆی بەنداوی داریان لە ناو بچێت.

لە سەردانی بەرپرسی رێکخراوی ژینگەپارێزیی ئێران بۆ کرماشان، رێکخراوە خەڵکییەکان داوای رزگار‌کردنی کانی بڵیان لەو بەرپرسیە حکوومەتییە کردبوو.

هەوڵەکانی رزگار کردنی کانی بڵ لە ساڵی ١٣٨٠وە دەستی پێکردووەو لەماوەی ١٢ ساڵەی رابردوودا هیچ ئەنجامێکی نەبووەو سەرجەمی ئەو رێکارانەی کە خراونەتە ڕوو، نە تەنیا لە راستای پاراستن و رزگار کردنی ئاوی بڵدا نەبووە، بەڵکوو بوونەتە هۆی لەناوچوونی ئەو کانیاوە.

کانی بڵ، کە لە ١٥ کیلۆمیتریی شاری نۆدشە و ٣ کیلۆمیتریی گوندی مێژوویی \"هەجیج: هەڵکەوتووە، ساڵانە نزیک بە ١٥٠ ملوێن میتری سێ‌جا و بە واتایەکی دیکە لە هەر چرکەیەکدا چوارهەزار لیتر ئاوی هەیە و ئەو ئاوەش پێویستی بە پاڵاوتن نییە.

بە بڕوای چالاکانی ئەو بوارە، کانی بڵ بە شێوەی پلان بۆ دارێژراو، بەرەوڕووی لە ناوچوون دەکرێتەوە ئەگەریش بە تەواوەتی لە ناو بچێت، پاشهاتی سیاسی و کۆمەلایەتی لە ناوچەکەدا بەدوای خۆیدا دێنێت.

بەنداوی داریان، ٦ کیلۆمیتر لە خوارووی کانی بڵ لە حاڵی دروست کردن دایەو درێژییەکەی زیاتر لە ١٠ کیلۆمیتر دەبێت و لە ئەگەری ئاوگیریی بەنداوەکە بە قوڵیی زیاتر لە ١٠٠ میتر دەکەوێتە ژێر ئاو.