کەبوودوەند لەلایەن بەرپرسانی ئەمنیی ئێڕانەوە چەندین تۆمەتی دیکەی درایە پاڵ

14:05 - 24 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لەلایەن هێـزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە ئاگادار کراوەتەوە کە لە چەند رۆژی داهاتوودا تۆمەتێکی نوێ هاوڕێ لەگەڵ حوکمێکی نوێی پێ رادەگەیەندرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ محەمەمد سەدیق کەبوودوەند بە \"ناردنی نامە بۆ حیزبەکان و رێبەرانی کورد لە سووریە، بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی وەک مەحکووم کردنی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی، بانگهێشتی کردەکان بۆ رێکەوتن لەگەڵ ناڕازییان بەدژی بەشار ئەسەد، بانگهێشتی ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، ناردنی نامە بۆ حیزبەکانی ئۆپۆزیسین و جییای خواز، بانگهێشت و هاندان بۆ خودموختاری و فیدراڵیزم\" تاوانبار کراوە.

سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە نامەیەکدا روو لە خامنەیی رێبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێـران خوازیاری راگرتنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان و لە نامەیەکی دیکەشدا داوای لە سادق لاریجانی کردبوو کە رێز بۆ بنەماکانی مافی مرۆڤ دابنێت، کە بەرپرسانی ئەمنیەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران رایانگەیاندووە کە داوای وەڵام کردن لە رێبەری وەلی فەقێ سەبارەت بە مافی مرۆڤ، تێپەڕین لە هێڵی سووری نیزام بووە.

سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، پێشتریش چەندین نامەی هاوشێوەی بۆ رێبەر و بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ناردبوو، کە زۆربەی نامەکان لە ماڵپەڕی رێکخراوی مافی مرۆڤ و میدیاکانی دیکەوە بڵاو بوویەوە.

ماڵپەڕی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە کە کەبوودوەند نووسین و ناردنی نامە سەبارەت بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بۆ هەر کەس و لایەن و بەرپرسێکی دەوڵەتی و یان رێبەریی حیزبەکان و رێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها ناردنی پەیام و بەیاننامە بە مافێکی یاسایی و ئەرکی ئەخلاقی و ئینسانیی خۆی دەزانێت و رایدەگەیەنێت:

بەپێی یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێـران لەگەڵ هاووڵاتیان هیچ جیاوازییەکی نییە، بەڵام لە بواری بەرپرسایەتییەوە کە بە ئەستۆی گرتووە، پێویستە لە هەمبەر هاووڵاتییاندا وەڵامدەر بێت و داوای وەڵام کردن و پرسیار تاوان نییە و نابێ وەک تاوانیش لە قەڵەم بدرێت\".

محەممەد سەدیق کەبوودوەند مانگی پووشپەڕی سالی ١٣٨٦ دەستبەسەر و رەوانەی زیندان کرا و دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تۆمەتی هەوڵدانی دژی تەناهیی نەتەوەیی لە رێگەی پێکهێنان و بەڕێوەبردنی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بە ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری و هەروەها بە تۆمەتی تەبلیغ بە دژی نیزام لە رێگەی پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوە نێونەتەوەییەکان و پەیوەندی لەگەڵ کوفی عەنان، بە ١ ساڵ زیندانی و سەرجەم ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە و دواتر ١٠ ساڵ لەو حوکمە پشتڕاست کرایەوە و چووە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.

ساڵی ٢٠٠٩ خەڵاتی هێلمێن هێمت تایبەت بە نووسەرانی ژێــر زەخت و فشار پێشکەش بە کەبوودوەند کرا. ناوبراو سێ کتێبی لەسەر بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان ئامادەی چاپ کردووە کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێـران رێگە بە چاپ و بڵاو کردنەوەی نادات.