کێشەی کرێکارانی کارگەی\" فوولادی زاگرۆس\"ی قوروە بەردەوامە

14:45 - 26 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: جارێکی دیکە ژمارەیەک لەکرێکارانی کارگەی فوولاد(پۆڵا)ی زاگرۆس لەبەردەم بینای ئیداری ئەو کارگەیە كۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد و خوازیاری دەستەبەربوونی مافەكانیان بوون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژ ژمارەیەک لە کرێکارانی فوولاد زاگرۆس کە ژمارەیان نزیک بە سی کەس بووە خوازیاری وەرگرتنی موچەکانیان بوون کە ماوەی ٧ مانگە پێیان نەدراوە.

ئەو کرێکارانە کە لەپاش هەڵوەشاندندوەی ئەو کارگەیە وەکوو نیگابان لەو شوێنە ماونەتەوە، لەبەردەم بینای ئیدرای فوولاد زاگرۆس کۆبوونەوەتەوە و داوای مووچەکانیان کردووە.

لەو بارەیەوە هەواڵدەریی ئیلنا بڵاوی کردووەتەوە، کرێکارەکان سەرەڕای ئەوەی ٧ مانگە موچەیان پێ نەدراوە، ماوەی سێ مانگیشە لەمافی بیمە بێبەریی کراون.

سەرچاوەکە ژمارەی ئەو کرێکارانەی ٢٨ کەس راگەیاندووە و باسی لەوەش کردووە کە تەنیا ١٠ کەس لەو کرێکارانە بەشێوەی فەرمیی دامەزراون و ئەوانەی دیکە گرێبەستن.

مانگی رەشەممەی ١٣٩٢ کارگەی فوولاد زاگرۆس هەڵوەشێندرایەوە و نزیک بە ٢٥٥ کرێکار كە هەركامیان پێشینەی ١٠ هەتا ٢٣ ساڵ كاركردنیان هەبوو لەسەر کار دەرکران و هەتا ئێستاش هیچ مافەکیان پێ نەداون.

بڕیار بوو کە بەر هەر کام لەو کرێکارە دەرکراوانە بڕە پارەیەکی یەک ملیۆن ٣٠٠ هەزار تمەنی بدرێت کە بە وتەی کرێکاران چاویان بەو پارەیە نەکەوتووە.

ئەو کرێکارە دەرکراوانە لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا چەندین کۆبوونەوەیان لەبەردەم مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، وەزارەتی کار، بەیتی رێبەریی و ناوەندە پێوەندیدارەکانی ئوستانی کوردستان بەڕێوە بردووە.