کۆڵبەرێکی کورد بەتەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کرا

13:45 - 6 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بووە قوربانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لەرۆژانی حەفتەی رابردوودا هاووڵاتییەک بەناوی \"محەممەد ئەمین\"، کوڕی سۆفی سەلیم و خەڵکی ناوچەی ورمێ کەلە خاڵی سنووریی ورمێ سەرقاڵی کۆڵبەری بوو، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و بەتوندی بریندار کرا.

ئە کۆڵبەرە تەمەن٤٣ ساڵەیە، خێزاندار و خەڵکی گوندی \"حەڵج\"ی سەربە ناوچەی مەرگەوەڕی شاری ورمێ بووە کە بۆ دابین کردنی بژیویی ژیانی بنەماڵەکەی رووی لە کاری کۆڵبەری سەر سنوورەکان کردبوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە\" محەممە ئەمین\" لە نەخۆشخانەی \"خومەینی\"ی شاری ورمێ لەژێر چاوەدێری پزیشکیدا ماوەتەوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٥ کۆڵبەری کورد بە تەقەی ‌هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراون و ٥ کۆڵبەری دیکەش بەتوندی بریندار بوون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بە پەشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بە سەرنجدان بە نەبوونی میدیایەکی ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.