کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە هۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی بریندار بوو

20:04 - 24 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەکانی ئاقاری شاری سەردەشت، بە سەختی بریندار بوو و باری تەندروستیی ئەو هاووڵاتییە کاسبکارە ناجێگر ڕاگەیەندراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕێبەندان، کۆڵبەرێکی کورد لە ناوچەی \"ئالان\"ی شاری سەردەشت تووشی ڕووداوی کەوتنە خوارەوە لە بەررزایی بوو.

ئەو کۆڵبەر کوردە کە لەو ڕووداوەدا بە سەختی بریندار بووە، بە هاوکاریی خەڵکی\"بێتوش\" برایە نەخۆشخانەی شاری سەردەشت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، ئەو کۆڵبەرە کوردە خەڵکی شاری نەغەدەیە و بە هۆی سەختیی برینەکەیەوە دواتر بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ ڕاگوێزراوە.

\"\"هەوالنێری کوردپا شوناسی ئەو هاووڵاتییە نەغەدەییە خالید قارەمانی ڕاگەیاند.

هەر ساڵ زیاتر لە سەدان کۆڵبەر بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان، هەرەسی ڕنوو، سەرما و سۆڵە، کەوتنە خوار لە بەرزاییەکان و راوەدوونانیان لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە، گیانیان لە سەر سنوورەکانی کوردستان لەدەست دەدەن، کە زۆرترینی ئەو حاڵەتانە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بووە.

زۆرترین ئاماری کۆڵبەرانی کۆژراو، خەڵکی شارەکانی مەریوان، سەردەشت، شنۆ، بانە، پیرانشار، نەوسوود و جوانڕۆن.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ساڵی ڕابردوو( ٢٠١٦ ) زایینی ١٢٢کۆڵبەر کوژراو و بریندار بوون، کە لە کۆی گشتیی ئەو ئامارە ٥١ کەس کوژراوە و ٧١ کەسی دیکە بریندار بوون.