کۆڵبەران قوربانیی بەردەوامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە کوردستانن

15:09 - 24 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سنووری \"شێخ سڵە\" گیانی کۆڵبەڕێکی کوردی ئەستاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری شێخ سڵە سەر بە سەلاسی باوەجانی گیانی لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو کۆڵبەره کوردەی \"ئەحمەد نەزەری\" کوڕی فاتێح ڕاگەیاند.

هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە بێ هیچ ئاگادرکردنەوەیەکی پێشتر تەقەیان لەو کۆڵبەڕە کوردە کردووە و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست داوە.

هەروەها ڕێکەوتی ٢١ی ڕەزبەر، هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شوێنێک بە ناوی بەردە سۆران تەقەیان لە کاروانی کۆڵبەرانی کورد کردووە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی پیرانشار بە ناوی \"ئەبووبەکر فەیزه\" بریندار دەبێت و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی هەولێر لە کوردستانی باشوور دەکرێت.