کچێکی تەمەن ١٤ ساڵە خەڵکی نەغەدە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

20:16 - 28 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: کچێکی تەمەن ١٤ ساڵەی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری نەغەدە له هەوڵێکی خۆکوژیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕێبەندان لە قوتابخانەی\"لواشلو\" کچێکی نەغەدەیی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری نەغەدە وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە شوناسی ئەو کچەی \"ش.خ\" خەڵکی گوندی\"کوئیک\" سەر بە شاری نەغەدە ڕاگەیاندووە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئەو کچە قوتابیە لە قوتابخانەی لواشلو هەوڵی خۆکوژی داوە و پاش گواستنەوەی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە، ئەمڕۆ پێنج‌شەممە ٢٨ی ڕێبەندان گیانی لە دەست دا.

بە وتەی ئەو سەرچاویە هەتاکوو ئێستا هۆکار ی خۆکوژی ئەو کچە تەمەن ١٤ ساڵە نەزانراوە.

له‌ ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و به‌هۆی چوونه‌ سه‌ره‌وه‌ی ڕێژه‌ی خۆکوژی به‌تایبه‌ت له‌نێو توێژی لاودا، ‌ڕێکخراوی جیهانیی ته‌ندروستی، ڕۆژی ١٠ی سێپتامبری وه‌کوو ڕۆژی جیهانیی پێشگیری له‌ خۆکوژی دیاری بکات.

هەرساڵ نزیکەی ١ میلیۆن مرۆڤ خۆیان دەکوژن، ئاماری خۆکوژییەکان لە جیهان، لە هەر ١٠٠ کەس ١٦ کەس ڕاگەیاندووە هەروەها و بە شێوەی نێونجی لە هەر ٤٠ چرکەدا کەسێک خۆی دەکوژێت.

ڕاپۆرتەکان پێش بینی ئەوە دەکەن هەتا ساڵی ٢٠٢٠ ئەو ڕێژەیە بە ١.٥میلیۆن کەس بگات.