کوردێک وەکوو باڵوێزی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی کامبوج دیاری کرا

15:55 - 12 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: کوردێک خەڵکی شاری سنە وەکوو باڵوێزی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە دوو وڵاتانی کامبوج و وێتنام دەست نیشان کرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، راگەیانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە زاری ساڵح ئەدیبی بڵاویان کردەوە کە ناوبراو وەکوو نوێنەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانی کامبوج و وێتنام دیاری کراوە.

ئەدیبی لە وتووێژێکدا وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە بە \"ئیرنا\"ی وتووە: لە یەک ساڵ و نیوی رابردوودا بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەم.

ئەدیبی هەڵبژاردنی خۆی وەکوو نوێنەر لە وڵاتانی کامبوج و وێتنام بە \" دابین بوونی داواکاری کوردەکان لە دەوڵەتی تەدبیر و ئومید\" وەسف کرد.

هەروەها سەبارەت بە دیاری کردنی کوردێک وەک باڵوێز، راگەیاندنەکان بڵاویان کردوتەوە ؛ە سەرەتا ئەو هاووڵاتییە کورد پێشتر وەکوو باڵوێز لە وڵاتی ئۆسترالیا دەسنیشان کراوە بەڵام دواتر بە هۆکارگەڵێک بڕیارەکە هەڵوەشاوتەوە.

ئەدیبی وێرای داکۆکی کردن لەو هەڵبژاردنە بە هەواڵدەرییەکانی وتووە، هەڵبژاردنی من وەکوو باڵوێز لە دوو وڵاتی کامبوج و وێتنام بە هۆی سوننی بوونی موسڵمانانی ئەو ناوچەیەوە بووە.
ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ٩٥%حەشیمەتی ١٥ میلیونی کامبوج بوودایین.

ئەمە یەکەم جارە لە ماوەی ٣٧ساڵەی تەمەنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا کوردێک سوننی وەکوو باڵوێز لە وڵاتانی بیانی هەڵبژێردرێت.

هەڵبژاردنی ساڵح ئەدیبی تەمەن ٥١ساڵە وەکوو باڵوێز لەگەڵ کاردانەوەیی جۆراوجۆر بەرەوروو بووتەوە.
لەو پەیوەندییەدا، بەکاربەرانی تۆرەکۆمەڵایەتییەکان ئەو هەڵبژاردنەیان وەکوو \" گاڵتە کردن بە کوردەکان \" زانیووە.
هێندێکی دیکەی رخنەکان ئەوەیە کە داواکاریی کوردەکان زیاتر لە هەڵبژاردنی باڵوێزێکەو ئەمەش بە \"لارێ بردنی داخوازە سیاسی ونەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان\" دەزانن.