کوردستان/ لە وەدەرنانی کرێکاران هەتا تێهەڵدانیان

16:46 - 9 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: دەوڵەت و خاوەنکارەکان بە گەورەترین پێشێلکارانی مافی کرێکاران لە کوردستان بە ئەژمار دێن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لانیکەم حەوت کرێکاری دامەزراو لە شیرکەتی\"ڕۆئیا پلاستیکی کوردستان\" بێکار بوون.

وەدەرنانی ئەو کرێکارانە لە سەر کارەکەیان، کە بەشێکیان ژن بوون، ڕۆژی ڕابردوو بە دەستووری خاوەنکارەکەیان لەو شیرکەت ڕوویداوە.

ئەو یەکە بەرهەم هێنەرە لە شارۆچکەی پیشەیی شمارە یەکی شاری سنە هەڵکەوتووە و لە ژێر چاوەدێریی وەزارەتی \"صنایع و معادن\"دا چالاکی دەکات.

هاوینی ئەمساڵ، کرێکارانی شیرکەتی ڕۆئیا پلاستیک ناڕەزایەتییان لەمەڕ دۆخی نالەباری ژیان و گوزەرانیان و وەدواکەوتنی مووچە و مەزایاکەیان دەبڕی.

\"جوانمیر
جەوامیر مورادی
هەروەها لە شاری کرماشان، سێ ڕۆژ لەوەبەر یەکێک لە کرێکارانی شیرکەتی سەهامی\"سازە پایدار قرن\" لە شاری کرماشان لەلایەن کەسانێک کە لە دەستوپەیوەندییەکانی خاوەنکارەکە بوون، بەتووندی کەوتوونەتە بەر لێدان.

شوناسی ئەو کرێکارە کرماشانیە بە ناوی جەوامیر مورادی ڕاگەیەنراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی \"یەکیەتی ئازادی کرێکاران\". ئەو بەرقکارە لە پڕۆژەی ٨٠٠ یەکەیی ئارمان، (مووچەی دواکەوتوو)ی هەبووە و پاش سەردانی بۆ نووسینگەی ئەو شیرکەتە، لەلایەن بەرپرسی ماڵیی شیرکەت و دوو کەسی دیکەوە لێی دراوە.

بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، جەوامێر لە لای چناکە و ڕوومەت و دەستیەوە برینی هەڵگرتووە و بەو هۆیەوە بۆ چارەسەری پزیشکی سەردانی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی شاری کرماشانی کردووە.

پێشێل کردنی مافی کرێکاران بە تایبەتی مافە ئابوورییەکانیان لە کوردستان لە حاڵێکدایە کە تەواوی هەوڵەکان لە ساڵەکانی ڕابردوودا بۆ دامەزراندنی یەکیتیە سەربەخۆکانی کرێکاران بە بیانووی هەواڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی، بە توندی سەرکوت کراوە و چالاکانی کرێکاری لە سەر کارەکەیان وەدەرنراون.