کورتە فیلمی \"سەگەکان تیرۆریست نیەن\" بەرهەم هێنرا

14:51 - 6 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: بەرهەمی سینماکارێکی کورد بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵی کورتە فیلمی جیهان، لە لایەن پڕۆموفێستەوە هەڵبژێردرا.

بەپێی هەواڵی ماڵپەرە ناوچەییەکان، کورتە فیلمی سەگەکان تیرۆریست نیەن، لە دەرهێنانی سینماکار و دەرهێنەری کورد \"کەیوان مەجیدی\"، لە لایەن پڕۆموفێستەوە بۆ بەدەستهێنانی پلەی یەکەم، لە گەڵ ١٢٠ کورتە فیلمی دیکە دەستنیشان کرا.

پڕۆموفێست بە یەکێک لە بەناوبانگترین بڵاوکەرەوەی کورتە فیلم لە جیهان بەئەژمار دێت کە بە هاوکاریی ماڵپەڕی www.click forfestivals.com/ باشترین کورتە فیلمی ساڵی جیهان هەڵدەبژێرێت.

ئەو فیلمە سێ خۆلەکییە، لە بواری ئاشتیی و مرۆڤدۆستیی کوردەکان، کە بە درێژایی مێژوو تووشی کارەسات و کوێرەوەری هاتوون دروستکراوە.

لەو فێستیڤاڵەدا، ١٢٠ کورتە فیلم لە نێوان ٨٠٠٠ هەزار فیلم لە سەرتاسەری جیهان، بۆ بەدەستهێنانی پلەی یەکەم هەڵبژیردراون.

کەیوان مەجیدی لە ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی، لە گوندی پایگەلان سەربە شاری سەوڵاوا لەدایک‏بووە و کاری خۆی بە وێنەگریی حێرفەیی دەست‏پێکردووە و خاوەنی چەندین خەڵاتی ناوچەیی و نێونەتەوەییە.