کرێکارێکی کورد تووشی ڕووداوی کار بوو

16:20 - 10 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێک لە کاتی دروێنە کردنی گەنمە شامی لە زەوییەکانی دەوروبەری شاری گیلانغەرب بە هۆی بەرکەوتنی داسی کۆمپاین بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ‌شەممە ٩ی سەرماوەز، لە گوندی\"بێنگرد\"، لاقی کرێکارێک کەتۆتەبەر داسی کۆمپاین و بە سەختی بریندار بووە.

لاقی ئەو کرێکارە کوردە پاش کاتژمێرێک لە نێو تێغەکانی دەزگای کۆمپاینەکە دەرهێنراوە.

شوناسی ئەو کرێکارە کوردە تا ئێستا ناڕوونە، بەڵام بەڕێوەبەرانی دەوڵەتی لە شاری گیلانغەرب، باسیان لە ئەگەری قرتاندنی لاقی کردووە.

شاری گیلانغەرب زیاتر لە ٧٢هەزار کەس حەشیمەتی هەیە و لە ١٥٠کیلۆمێتریی باشووری ڕۆژئاوای شاری کرماشان هەڵکەوتووە.

بەڕێوەبەری جیهای کشاوەرزیی شاری گیلانغەرب سەبارەت بەو ڕووداوە بە هەواڵدەریی ئیرنا، گوتوە: \"ئەو کرێکارە بۆ چارەسەری پزیشکیی پێویست ڕەوانەی شاری کرماشان کراوە\".

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، بە هۆی ڕووداوی کارەوە لە پاڕێزگای کرماشان، ٢٤ کەس گیانیان لەدەست داوە، و ٢٧٧ کەسی دیکەش بریندار بوون.