کرێکارێکی مەریوانی لە هەولێر گیانی لەدەست دا

ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی خەڵکی مەریوان، بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی لە هەوڵێری پێتەختی هەرێمی کوردستان، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی بەفرانبار، کرێکارێکی کورد بە ناوی "جەمشید ئیزەدی" کوڕی "تۆفیق"، خەڵکی گوندی "کۆڵیژ" و دانیشتووی مەریوان، بەهۆی بەربوونەوە لە کاتی کارکردن لە شاری هەولێر، گیانی لەدەست دا.

ئەو کرێکارە تەمەن ٣٥ ساڵە، بەهۆی نەبوونی ئیمەنی لە کاتی کارکردندا تووشی ڕووداوی کار هاتووە و تەرمی ناوبراو بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوە، ڕەوانەی پزیشکی یاسایی هەولێر کراوە.

هەتا ئێستا تەرمی ئەو کرێکارە کوردە، ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی هەینی، ٢٠ی بەفرانبار، کرێکارێکی کورد بە ناوی "نەجمەدین ئەحمەدپوور" کوڕی "ئەبووبەکر"، تەمەن ٢٣ ساڵ، خەڵکی گوندی "گردکاشانـ"ـی شنۆ، لە هەولێر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.