٤ کرێکاری ئیسفەهانی بەهۆی رووداوی کار لە سلێمانی بوونە قوربانی

18:03 - 27 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: ٤ کرێکاری خەڵکی ئوستانی ئیسفەهان تووشی رووداوی کار بوون و لە ئەنجامدا کەسێکیان گیانی لەدەست دا.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ٢٧ی رەشەممە هاووڵاتییەکی بەڕەگەز تورک بەناوی \"عەلی رەزایی\" (فروزەندە) تەمەن ٥٣ ساڵ و خەڵکی شاری ئیسفەهان بەهۆی رووداوی کارەوە لە شاری سلێمانی گیانی لەدەست داوە و ٣ کرێکاری دیکەش بەتوندی بریندار بوون.

\"11583.jpg\"
هەواڵنێری کوردپا لە شاری سلێمانییەوە رایگەیاند: ئەو ٣ کرێکارە لە شیرکەتی \"ئازادی\" کاریان کردووە و رووداوەکەش لە پرۆژەیەکی شیرکەتی تەلەفۆنیی \"ئاسیا سێڵ\" لە نزیک گەڕەکی \"راپەڕین\" لە شاری سلێمانی هاتوەتە ئاراوە.

لەلایەکی دیکەوە ٣ رۆژ پێش ئێستا شۆفیری ماشێنێکی نەوت هەڵگر بەناوی \"مەنوچێهر لوتفی\" لە نزیک شارۆچکەی \"پێنجوێن\"ی هەرێمی کوردستان بەهۆی رووداوی گازگرتووییەوە گیانی لەدەست داوە.

ئەو هاووڵاتییە بەرەگەز تورک و خەڵکی یەکێک لە شارەکانی ئوستانی \"ئازەربایجانی رۆژئاوا\"ی وڵاتی ئێران بووە کە لە نێو ماشێنەکەی خۆیدا تووشی رووداوی گاز گرتوویی هاتبوو و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست دابوو.