کرێکارانی دەرکراوی شیرکەتی کێشت و سەنعەتی کاروونی شوشتەر لە چوارەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیاندان

21:39 - 23 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: ئەمڕۆ ماوەی چوار ڕۆژە کە نزیک بە ١٠٥ کرێکاری \"میراب و ئابڕەسانی\"ی زەوییەکانی نەیشەکەری ئەو شیرکەتە، بە هۆی کەمتەرخەمیی کارفەرمای ئەو شیرکەتە دەستیان داوەتە مانگرتن و لە چوون بۆ سەر کارەکانیان خۆ دەبوێرن.

یەکێک لە کرێکارانی ناڕازیی موجتەمەعی کشت و سەنعەتی کاروون لەو بارەیەوە بە هەواڵنێرانی گوتووە: \"کرێکارانی ئەو یەکە وەرزێرییە بەهۆی بەدواداچوون بۆ گەڕانەوەی خۆیان و باقیی هاوکارەکانیان بۆ سەر کار و پەرۆشیی دابین‌کردنی بژیوی بنەماڵەکانیان، داوایان لە بەڕێوەبەرانی کارخانە و بەرپرسانی شارستان و پارێزگاکان کردووە کە ڕێز لە ویست و داخوازییەکانیان بگرن.

ئەو کرێکارە لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاندووە کە گرینگترین داخوازیی کرێکارانی ئەو کارخانەیە، چوونە سەر کارەکانیان و دانی مووچەکانی ئەمساڵ و هەروەها تەناهیی کارە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاندووە کە ئێمە کرێکاران، لانیکەم سێ کەسین لە بنەماڵەدا و دابین‌کردنی بژیوی ژیان پاش دەرکرانمان زۆر گران دەبێت و ناتوانین وەڵامدەری ژن ومنداڵەکانمان بین و لەم دۆخەدا ناتوانین لەهەمبەر دەکرانمان بێ‏دەنگ بین.

کرێکاری دەرکراوی موجتەمەعی کێشت و سەنعەتی کاروونی شووشتەر، لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە تا کاتێک وڵامێکی دروستمان وێ‏نەدرێتەوە، دەست لە مانگرتن هەڵناگرین.

١٠٥ کرێکاری میراو کە کاری ئاودێریی زەوییەکانی نەیشەکەر لە موجتەمەعی کێشت و سەنعەتی کاروونی شوشتەر دەکەن، لە ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ١٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوییەوە، سەرەڕای ئەوەیکە تا ڕیکەوتی ٣٠ ڕەزبەر، مۆڵەتی گرێبەستەکەیان مابوو، لەسەر کارەکانیان دەرکراون.