کاپیتانی تیمی میللی بۆکسی ئێران لە ئۆسترالیا دەستبەسەر کرا

15:20 - 10 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: پۆلیسی ئۆسترالیا، وەرزشوانێکی ئێرانی بە سەرپەرستی کردنی گرووپێکی قاچاخی مادەی هۆشبەر تۆمەتبار کردووە.

بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، سێ ئێرانی لە لایەن پۆلیسی ئۆسترالیاوە بە قاچاخی مادەی هۆشبەر تۆمەتبار کراون کە یەکێک لەوانە نەوشیروان نووریان، ئەندامی پێشووی تیمی بۆکسی ئێرانە.

ئەو گرووپە کە ٤ کەسن هەوڵی هێنانی ٩٠ کیلۆ دارووی قاچاخی سودوافدرین(Pseudoephedrine))یان لە وڵاتانی ئێران، ئێراق(کوردستان) و بریتانیا بۆ ئۆسترالیا داوە.

وەرزشوانی باناوبانگی ئێرانی نەوشیروان نووریان لەم کەیسەدا تۆمەتبار کراوە کە ڕێبەندانی ٩٢ تاکوو ڕەشەمەی ٩٣ دەستی لە هێنانی ئەو مادە هۆشبەریەدا هەبووە.
ناوبراو ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە دادگا ئامادە بووە.

بە وتەی ڕۆژنامەی دیلی تلێگراف، چاپی ئۆسترالیا، ئەو بارە قاچاخە بە ملیۆنان دۆلار دەخلمێندرێت و نووریان دەگەڵ سەندیکایەکی تاونکاری نێودەوڵەتی دەستی تێکەڵ کردووە.

نەوشیروان نووریان لە یاریەکانی ئۆلەمپیکی ٢٠٠٠ لە ئۆسترالیا لە تیمی بۆکس جیابووەو داوای پەنابەری لەو وڵاتە کرد. لەم ماوەیەش بەردەوام سەردانی ئێرانی کردووە.

لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا زۆرێک لە وەرزشوانە بەناوبانگەکانی ئێران بە هۆی گرینگی نەدانی بەرپرسان و ئۆرگانە پێوەندیدارەکان، لە دۆخی ماڵی نالەباردا دەژین و زۆربەیان به‌ هۆی دەستکورتی یان خەریکی دەسفرۆشین یان بە ناچاری بۆ تیمی وەرزشی وڵاتانی دیکە یاری دەکەن.