کاوە بەهرامی: سپای پاسداران مقەڕەکانی حیزبی دێموکراتی کردووەتە ئامانجی تۆپبارانەکەی خۆی
ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردان، تۆپخانەکانی سپای پاسداران ناوچە شاخاوییەکانی نیوان هەرێمی کوردستان و کوردستانی ڕۆژهەڵاتی تۆپباران کرد.
"کاوە بەهرامی"، بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە وتووژێک لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "سپای پاسداران لەو تۆپبارانکردنەدا، بنکە و مەقەڕەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کردووەتە ئامانجی خۆی".
ئەو بەرپرسە نیزامییە دەڵێت: "سپای پاسداران لەو تۆپبارانکردنەدا لە چەکوچۆڵی وەک تۆپ و کاتیوشا کەڵکی وەرگرتووە و هاوکات فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سپای پاسدارانیش لەسەر ئاسمانی ئەو ناوچەیە دەسووڕێتەوە".
بەرپرسی فەرماندەیی هێزی پێـشمەرگەی کوردستان زیادی کرد: "ئەو تۆپبارانکردنە خەسارەتی گیانیی نەبووە و پێشـمەرگەکانمان لە تەندروستیی تەواودان".
"کاوە بەهرامی" ئامانجی سپای پاسداران لە تۆپبارانکردنی خاکی کوردستانی "خەسارەتمەندکردنی خەڵک و ژینگەی کوردستان بۆ پەردەپۆشکردنی بارودۆخی قەیرانی حکوومەتی ئێران و کێشە نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتە لە پێش چاو بیروڕای گشتی" زانی.