کارناسێکی ئابووری: روانینی ئەمنیەتی بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، هەژاری لێکەوتۆتەوە

14:01 - 8 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: کارناسێکی ئابووری رایگەیاندووە، روانینی ئەمنیەتیی حکوومەتی ئێران بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی کوردستان هەژاری و دەستکورتی بۆ هاووڵاتیانی کورد بەدوای خۆیدا هێناوە.

یووسف پیربداقی مامۆستای زانکۆ لەلێدوانێکدا بۆ هەواڵدەریی ئیسنا وتوویەتی: هەژاری و بێ‌دەرتانی وای لەخەڵکی کوردستان و ناوچە سنوورییەکان کردووە کە کاری پڕمەترسیی کۆڵبەری هەڵببژێرن و ئەوەشی خستۆتە روو، ئەو دۆخە ئابوورییەی کە هەنووکە بەسەر کوردستاندا زاڵە، شیاوی خەڵکی کورد نیە.

ئەو کارناسە ئابوورییە ئەوەشی خستۆتەروو، پێویستە بازارچە سنوورییەکانی کوردستان لەلایەن هاووڵاتیانەوە ئیدارە بکرێن و داهاتەکەشی دەبێ‌لەو ناوچانەی کە هەژارییان تێدایە سەرەف بکرێت.

پیربداقی لەدرێژەی لێدوانەکەیدا راشیگەیاندووە، \" لەبازارچە سنوورییەکانی کوردستان پێوەندیی خزم و کەسییەکان جێگای یاسای گرتۆتەوە و بەڕێوە بەرانی ئەو شوێنانە لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە کەڵک وەرناگرن\".

دیاردەی کۆڵبەری بڕستی لەهاووڵاتیانی کورد بڕیوە و بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئەو کەسانەی کە روویان لەو کارە پڕ لەمەترسییە کردووە، دەرەتانی کارێکی شیاوتریان هەبوویانە، روویان لەکاری کۆڵبەری نەدەکرد\".

کۆڵبەران زۆر جار ئەو بارەی کە بە کۆڵیان هەڵیدەگرن لەکێشی خۆیان قورسترە و لە بەرامبەر ئەو کارەدا پارەیەکی زۆر کەم وەردەگرن.

خنکان لەئاوادا، سەرمابردوویی، کەوتنە سەرمین و لەهەموویان مەترسیدارتر تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، ئەو هەڕەشانەن کە بە بەردەوامی بەرەوڕووی کۆڵبەرانی کورد دەبنەوە.