ژمارەی چالاكانی سیاسیی عەرەب كە لەژێر ئەشكەنجەدا گیانیان لەدەست داوە، گەیشتە 6 كەس

13:46 - 19 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: سەرچاوەكانی مافی مرۆڤ لە ئەهواز رایانگەیاند، عەلیڕەزا غوبەیشاوی چالاكی سیاسیی عەرەب دوای دەستبەسەر كردنی و بردنی بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارستانی \"خلفیە\" بەهۆی ئەشكەنجەی لە رادەبەدەر گیانی لە دەست داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، عەلیڕەزا غوبەیشاوی تەمەن 37 ساڵ رۆژی دووشەممە 16‌ی گەلاوێژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری \"خلفیە\" هەڵكەوتوو لە 95 كیلومیتری باشووری رۆژهەڵاتی ئەهواز كوژراوە.

هێزە ئەمنیەتییەكان هەواڵی گیان لەدەست دانی ئەو هاووڵاتییەیان بە بنەماڵەكەی لە ئاوایی\" ئەبوودبیان\"ی سەر بە شاری خەڵفیە داوە و داوایان لێكردوون بۆ وەرگرتنی تەرمی عەلیڕەزا سەردانی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە بكەن، بەڵام بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە لە وەرگرتنی تەرمەكەی خۆیان بواردووە و رایانگەیاندووە، سكاڵا لە بكووژەكان دەكەن.

دوابەدوای راگەیاندنی كوشتنی ئەو هاووڵاتییە خەڵكی ئاوایی لە ماڵی باوكی عەلیڕەزا كۆ بوونەوەتەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا دەزگای قەزایی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە مانگی رابردۆوە هەتا ئێستا 5 كەس لە دەستبەسەر كراوەكانی ئەو شارەی بە ئیعدام مەحكووم كردووە.

محەممەد عەمووری، هادی راشێدی، هاشم شەعبانی، جابر ئالبوشوكە و موختار ئالبوشوكە بە تاوانی \"محاربە\" لەگەڵ خودا و هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی بە ئیعدام حوكم دراون و هەروەها عەبدەلڕەحمان عەساكرە بە 20 ساڵ زیندان، ئیسماعیل عەبیات 5 ساڵ زیندان و عەلی بەدری بە 6 ساڵ زیندان مەحكووم كراون.

سەرچاوە ناوچەییەكان رایانگەیاندووە، عەلیڕەزا غوبەیشاوی كەلە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا كوژرا لە دۆستانی نزیكی ژمارەیەك لەو زیندانییە سیاسیانە و چالاكانی نەتەوەی عەرەب بووە.

هەتا ئێستا 6 كەس لە چالاكانی دەستبەسەر كراوی عەرەب لەژێر ئەشكەنجەدا گیانیان لەدەست داوە.

غەیبان عەبیداوی خەڵكی حەمدیە، محەممەد چەڵداوی خەڵكی ئەهواز، رەزا مغامسی خەڵكی دێزفوول، محەممەد كەعبی خەڵكی شووش و ناسر ئالبوشوكە خەڵكی ئەهواز لەو كەسانەن كە لەژێر ئەشكەنجەی هێزە ئەمنیەتییەكانی ئیتلاعاتدا گیانیان لەدەست داوە. ئێستاكەش عەلیڕەزا غوبەیشاوی خەڵكی \"خلفیە\" بەو ئامارە زیاد بوو.