ڕێگەوبانەکانی کوردستان، ئاراستەیان بەرەو مردنە

14:54 - 29 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: ئامارەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ڕێژەی کوژراوانی نێو جادە و ڕێگەوبانەکان دەریان خستووە کە لە ساڵی ٩٣دا، ١٦ هەزار و ٨٧٢ کەس بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست‏داوە.

بەپیی ئامارێک کە ڕۆژنامەی ئارمان لەم پەیوەندییەدا بڵاوی کردۆتەوە، لە ڕۆژێکدا ٤٦ هاووڵاتیی ئێرانی، بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست‏دەدەن. بەراوردی ئامارە جیهانییەکان لەگەڵ ئامارەکانی ئێران، دەریان خستووە کە بۆ هەر ١٠ هەزار کەرەستەی هاتوچۆ، نیزیک بە ٩ کەس لە جیهاندا دەبنە قوربانی، بەڵام لە ئێراندا ئەم ڕێژەیە ٣٧ کەسە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاماژەبۆکراو، لە ئێراندا خراپترین بارودۆخی ڕێگەوبانەکان بۆ پارێزگاکانی کوردستان دەگەڕێتەوە، کە هاوکات لەگەڵ کوێستانی بوونیان، مەترسیدارترین جادەکانیش بۆ شۆفێڕی لە ئێراندان، ئەمەش بەهۆی نەبوونی ئاسفاڵت یان خراپ و کۆن بوونیان، نەبوونی هێماکانی هاتوچۆ، پێچەڵاوپڵووچ بوونی جادەکان و داڕمانی بەردەوامی ڕنوو لە وەرزی زستاندا و... هتد.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، تێچووی پاراستنی ڕێگە شاخاوییەکانی کوردستان، بۆ هەر کیلومێترێک لە ساڵدا، بە شێوەی نێونجی لە نێوان ٤ میلیۆن بۆ ٧٠ میلیۆن تمەن بەراورد کراوە. جگە لەمەش نەبوونی کەرەستەکانی فریاکەوتن بووەتە هۆی چوونەسەری ئاماری گیانلەدەست‏داوانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە کوردستانی ئێران.

بەپێی ئامارەکان، لە ساڵدا ١٠٠ هەزار کەس لە ئێراندا بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە تووشی کەم ئەندامی دەبن.

نرخی مردن لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا، بەپێی دوایین ئامارەکانی ڕێکخراوی جیهانیی لەش ساخی، بریتییە لە پلەی یەکەمی ئێران لە نێوان ٢٥٦ وڵاتی جیهاندا. لە پێوەندی لەگەڵ خراپیی ئاسایشی جادەکانیش، ئێران لە نێوان وڵاتانی جیهاندا، پلەی سێهەمی هەیە.