ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران نیگەرانیی خۆی لە سزای ئێعدامی زیندانییەکی کورد دەربڕی

15:30 - 23 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە سەپاندنی حوکمی ئێعدام بەسەر یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی شاری شنۆ نیگەرانیی دەربڕیوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردووەتەوە کە؛ \"دادگای شۆڕشی شاری ورمێ بۆ حەوت کەس لە دەستبەسەر کراوانی شاری شنۆ، سزای قورسی وەک سێدارەی سەپاندووە\" و سەبارەت بەم حووکمە ناڕەزایەتی دەربڕیوە.

شوناس و سزای سەپێندراو بەسەر ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەر کراوانە بریتین لە؛ \"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور حووکمی ئێعدام، حاسڵ عەزیزی ٢٥ ساڵ زیندانی تەعزیری، محەممەد زاهێر فەرامەرزی ٢٠ ساڵ زیندان، یەعقووب بائەکرەم ١٥ ساڵ زیندان، جەلال مەسرووری ١٥ساڵ زیندان، کەماڵ مەسرووری ١١ساڵ زیندان، سدیق بائەکرەم ١٠ ساڵ\".

لە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، تێکهەڵچوونێک لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزەکانی بنکەی \"هەمزە\"ی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە گۆندێکی سەر سنووری شاری شنۆ بە ناوی \"قەرەسەقەل\" هەتەئارا، کە لەم تێکهەڵچوونەدا ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کوژران و ژمارەیەکیش لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات شەهید بوون و گیانیان بەخت کرد.

دادگای شۆڕشی شاری ورمێ لە درێژەی سازکردنی دۆسییەی ناڕەوا بۆ هاوڵاتییان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی، تۆمەتی هاوکاری کردن و بەشداریی ناوبراوانی لەو شەڕەدا خستۆتە پاڵیان و بەو بۆنەوە سزای قورسی بەسەردا سەپاندوون.

سەرچاوەیەکی نزیک لە هاووڵاتیی زیندانی کراو \"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور \" لە وتووێژ لەگەڵ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕایگەیاندووەکە؛ \"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، هیچ ڕۆڵێکی لە شەڕی قەرەسەقەلدا نەبووە، بەڵام حووکمی ئێعدامی بەسەردا سەپاوە\".

ئەو زیندانییە پاش گواستنەوەی بۆ ژووری تاکەکەسی، مانی لە خواردن گرتووە.
هەروەها، حووکمی ئەم حەوت کەسە بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر لەسەریان دراوە.

پاش تێکهەڵچوون لە نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان، ڕێژیمی ئێران گوشاری خستووەتە سەر خەڵکی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کۆردستان و بە بیانووی بێ‌ بنەما دەستبەسەریان دەکات و حووکمی قورسیان بەسەردا دەسەپێنێت.