ڕێژەی تەڵاق لە ئێران بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە

13:55 - 12 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: رێژەی تەڵاق لە ئێران لە ماوەی یەک ساڵی پێشوودا، لە سەدا ٩، زیادی کردووە و لە بەرانبەر هەر سەد حاڵەتی هاوسەگیری‏دا، ٣٨ حاڵەتی تەڵاق ڕوودەدات.

هەواڵدەریی مێهر، لە زاری پوران ولویون ڕاوێژکاری وەزیری دادگوستەریی و دیوانی باڵای وڵات ڕایگەیاند؛ لە ٩مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا، نیسبەتی تەڵاق بە هاوسەرگیری، لە سەدا ٢٣.٥بووە و بە واتایەکی دیکە، لە سەدا ٨.٩٣، ڕێژەی تەڵاق لە ئێران بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیووە.

ئەو ڕاوێژکارەی وەزیری دادگوستەری لە درێژەدا گووتی؛ لە بەڵگەنامە نێونەتەوەییەکان‏دا، ڕاگەیەندراوی نەهێشتنی توندتیژی دژی ژنان بەرچاو دەکەوێت، بەڵام تەنیا لە چوارچێوەی وەها ڕاگەیەندراوگەلێک‏دا، ئێمە ناتوانین بە کردەوە کارێک بۆ کەمکردنەوەی تەڵاق و توندتیژیی دژ بە ژنان ئەنجام بدەین.

ولویون لە درێژەدا ئەوەشی ڕاگەیاند کە؛ دەبێ یاسایەک بۆ بنەماڵە هەبێت کە ستەم لە سەر ژنان لەو دەستوورەدا قەدەغە بکرێت، هەرچەند بۆ پاراستنی کەرامەتی ژنان ڕاگەیەنراوە کە پێویستە پولیسی قەزایی ژنان لە دادگایی کردنی ژنان‏دا بەشدار بن.

عەلی ئەکبەر مەخزوونی وێڕای ئاماژە کردن بە ئامارەکانی زانیاریی ڕێژەیی رێکخراوی باری کەسێتی لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتایی ئەمساڵەوە، ٨٣هەزار و ٢٧٧حاڵەتی تەڵاق رووی‏داوە، کە ٧٤هەزار و ٩٤٢حاڵەت لە شارەکان و ٨هەزار و ٣٣٥حاڵەتی دیکەش لە گوندەکان بووە.

ناوبراو لە درێژەدا گوتی؛ ئاماری تەڵاق بە نیسبەتی ئاماری هاوشێوەی ساڵی پێشوو، لە سەدا٩.٣ بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.