ڕاپۆرتێک لە سەر زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ

16:52 - 18 خەزەڵوەر 2720

زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "حوسێن عەبدوڵڵا‌زادە" تەمەن ٣٢ ساڵ کوڕی ئەبووبەکر خەڵکی شاری شنۆ، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە ساڵێک و چوار مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە، ڕێکەوتی ٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ بە بێ بەڵگەی یاسایی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕێکەوتی ١٠ی بانەمەڕ، ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش ١٤ ڕۆژ ڕاگرتن لە زیندانی ورمێ، لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ دادگایی کرا.

دادگا ئەو هاووڵاتییە شنۆییەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری و بە تۆمەتی "بەزاندنی سنوور بە شێوەی نایاسایی" بە ٤ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کردووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە قۆناغی دادرەسییەکەی "لە دەسپێراگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کراوە.

حوسێن عەبدوڵڵازادە، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە حاڵی تەواوکردنی ماوەی زیندانییەکەی دایە.