ڕاپۆرتێک لەسەر زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ

17:34 - 2 پووشپەڕ 2720

زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "کەیوان موکەڕەم" خەڵکی گوندی "ئەنبێـ"ـی سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە مافی مەرەخەسی وەرگرتن بێبەرییە.

ئەو زیندانییە سیاسییە تەمەن ٢٨ ساڵە، ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕی ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ٤٥ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعات بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەو زیندانییە مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٨، بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ ملیۆن تەمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکی لە گرتنگە ئازاد کرابوو.

"کەیوان موکەڕەم" مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٨، لەلایەن لقی سێی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو" بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری و هەروەها بە تۆمەتی "ڕاگرتنی چەک" بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە بەو حوکمەی دادگا ناڕەزایەتیی دەربڕیبوو و لقی ٩ی دادگای پێداچونەوەی ورمێ ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبە کوردییەکان پشتڕاست کردەوە و حوکمی دوو ساڵ زیندانیی بە تۆمەتی ڕاگرتنی چەک، بۆ ١٣ مانگ زیندانی کەم کردەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە پاش پشتڕاستکردنەوەی حوکمەکەی لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، دەسبەسەر کرا و بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا و هەنووکە لە بەندی ٣ی زیندانی ورمێدایە.