ڕاپۆرتێک سەبارەت بە بارودۆخی ڕاشد مونتەزێری، زیندانیی سیاسیی بەندکراو لە زیندانی کامیاران

12:14 - 17 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی سێشەممە ٧ی بانەمەڕ، ڕاشد مونتەزێری، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی کامیاران، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارەوە کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە سیاسییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە مافی مەرەخەسی بێبەری کراوە.

ئەو هاووڵاتییە مانگی ڕێبەندانی ٩٩، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٥ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو و ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرییەکەی، مەحکووم کرابوو.

٤ مانگ لە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیریی ڕاشد مونتەزێری، پاش (تسلیم بە رأی) کەم کراوەتەوە.

ناوبراو ڕۆژی شەممە ١٥ی بەفرانباری ٩٧، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە، پاش کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی کامیاران ڕاگوێزرا و مانگی بانەمەڕی ٩٨، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.

ناهید کەمانگەر، هاوسەری ئەو زیندانییە سیاسییە، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی پووشپەڕ، پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیاران دەسبەسەر کرا و پاش مانەوەی بە شێوەی کاتی لە گرتنگەدا، ڕەوەانەی کانوونی ئیسلاح و تەربییەتی سنە کراوە.