ڕابێرت ماڵی: کێشەی نێوان ئەمریکا و ئێران قووڵە

12:22 - 10 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: ڕاوێژکاری پلەبەرزی باراک ئۆباما ڕایگەیاند کە؛ کێشەی نێوان ئێمە و ئێران زۆر قووڵە و بە ڕێککەوتنێک کۆتایی پێ نایەت.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە بڵاوکراوەتەوە، \"ڕابێرت ماڵی\"، ڕاوێژکاری پلەبەرزی باراک ئۆمابا، سەرکۆماری ئەمریکا و ڕێکخەری شەڕ دژی داعش لە کۆشکی سپی ئەمریکا گوتی کە؛ \"کێشەی نیوان ئێران و ئەمریکا زۆر قووڵە و بە ڕێککەوتنێک کۆتایی پێ نایەت\".

ماڵی لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند؛ \"دەوڵەتی ئەمریکا بە باشی دەزانێت و ئاگادارە کە ئێران هەڵسوکەوتەکانی خۆی سەرەڕای ڕێککەوتنی ناوکی ناگۆڕێت\".

هەروەها ناوبراو لە وتووێژێکدا لەگەڵ \"الشرق الوسط\"دا، باسی لەوە کرد کە ئێمە دەمانهەوێ بزانین کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەگەری نەبوونی ڕێککەوتنێکی ناوکیی نێوان ئێران و زلهێزەکان چۆن دەبێت.

ناوبراو هەروەها گوتی؛ ئێران بەرنامە ناوکییەکانی خۆی زیاتر پەرە پێداوە و کێشەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست‌دا چڕتر بووەتەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوە کە دوبارە بژاردەی نیزامی بەکار بێنین.

لەو پێوەندییەدا، ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە سەرجەم ئەو کەسانەی دانیشتووی وڵاتی ئەمریکان، سەردانی ئێران نەکەن، چوونکە ئەگەری دەستبەسەرکرانیان لە لایەن ئەو حکوومەتەوە هەیە.