چەکدارانی سوپای پاسداران لە سەردەشت، لاوێکی کوردیان کوشت

20:09 - 9 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سنووری سەردەشت، کۆڵبەرێکی کوردیان دایە بەر دەستڕێژی گوللـە و بەو هۆیەو ەگیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ناوچەی سەردەشت بەناوی سیروان بەرزەنجی کوری لەتیف لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران، کوژرا.

ئەو رووداوە، سەرلەئێوارەی رۆژی رابردوو، رێکەوتی ٨ی رەشەمە هاتۆتە ئاراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شارۆچکەی رەبەت، وێڕای پستڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە رایگەیاند: هێزەکانی هەنگی مەرزیی سوپای پاسداران، بۆسەیان بۆ کۆڵبەران ناوەتەوە و بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە، کە بەو هۆیەوە ئەو لاوە تەمەن ٢٥ ساڵەیە کوژراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا گوتیشی: ژمارەیەک ئەسپی بارهەڵگری کۆڵبەرانیش بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە کوشت چوونە.

بە گوتەی سەرچاوکە، هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامی، دەستیان بەسەر تێکڕای کەلوپەلی کۆڵبەرانیشدا گرتووە.