چەكدارانی ئەفغانی لەسووریا: بۆ شەڕ لەگەڵ ئەمریكا پارە لەئێران وەردەگرین

14:08 - 10 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی كوردپا: حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەماوەی شەش مانگی رابردوودا بۆ جاری دووهەم بە راهێنان و ناردنی چەكدارانی ئەفغانی بۆ شەڕی سووریا، تاوانبار كراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەگرتەیەکی ڤیدیۆییدا، كە كاناڵی خەبەری \"CNN\" بڵاوی كردۆتەوە، ژمارەیەك ئەفغانی دەمامكدار نیشان دەدات كە لەئێرانەوە چوونەتە سووریا.

چەكدارانی ئەفغانی كە دەموچاوی خۆیان داپۆشیوە باس لە مەشقی نیزامی لەئێران و وەرگرتنی پارە بەمەبەستی شەڕ لەگەڵ ئەمریكا دەكەن.

یەكێک لەو كەسانە دەڵێ‌، بە دوو هۆكار چوونەتە سووریا، یەكەم ئەوەی لەوێ‌بەدژی ئەمریكا شەڕ دەكەن و هەروەها پارە لەئێرانیش وەردەگرن.

دەوترێت هەر ئەفغانێک كەلە سووریا شەڕ دەكات، ( ٥٠٠ هەتا ١٠٠٠) دۆلار لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران وەردەگرێ‌.

\"22956.jpg\"
ئەفغانییە کوژراوەکان لە سووریا/ مەشهەد - مانگی بانەمەڕی ٩٣
هەر لەو پێوەندییەدا بی بی سی بڵاوی كردبوویەوە، هەتا ئێستا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و ئێران لەمەڕ ئەو ڤیدیۆییە هیچ لێدوانێكیان نەداوە.

حكوومەتی ئێران پێشتریش بە ناردنی ئەفغانییەكانی دانیشتووی ئەو وڵاتە بۆ شەڕی سووریا تاوانبار كرابوو.

رۆژنامەی ئەمریكایی واڵ ئێستریت رێكەوتی ٢٥‌ی بانەمەڕ رایگەیاندبوو، ئایەتۆڵڵا موحەقێق كابڵی لەرێبەرانی مەزهەبیی ئەفغان لە قوم هاوڕێ‌لەگەڵ ئەندامێكی سپای پاسداران جەختی لەوە كردبوویەوە كە ئێران یەك هەزار پەنابەری ئەفغانی بە دانی ٥٠٠ دۆلار بە هەركامیان بە مەبەستی پشتیوانی لەبەشارئەسەد ناردۆتە سووریا.

وتەبێژی نوێنەرایەتی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەرێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەو هەواڵەی رۆژنامەی واڵ ئێستریتی بی بێ‌بنەما وەسف كردبوو و تبووی حوزووری ئێران لە سووریا تەنیا بۆ راوێژ كردنە.

سی ئێن ئێن بڵاویشی كردۆتەوە\"بەرگریی لە زیارەتگەی زەینەب\" یەكێكی دیكە لەو هۆكارانەیە كە حكوومەتی ئێران ئەفغانییەكان دەنێرێتە وڵاتی سووریا.

لەنوێترین راپۆرتی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكاندا هاتووە، كە نزیك بە ١٥ هەزار كەس لە ٨٠ وڵاتەوە بە مەبەستی ئەندامیەتی لە داعشدا چوونەتە وڵاتی عێراق و سووریا.