چوار پەناخوازی سەردەشتی لە کاناڵی مانشی فەرانسە لە ئاو داخنکان

بەرپرسانی فەرانسە باسیان لەوە کردووە چوارپەناخوازی سەردەشت کە دوو کەسیان منداڵ بوونە و مەبەستیان ئەوە بووە لە کاناڵی "مانشـ"ـی فەرانسە بپەڕنەوە بۆ بریتانیا، لە ئاودا خنکاون.

شوناسی ئەو بنەماڵەیە بە ناوەکانی "ڕەسووڵ ئێران‌نژاد،تەمەن ٣٥ ساڵ، شێوا محەممەدپەناهی تەمەن ٣٥ ساڵ، ئانیتا ئێران‌نژاد تەمەن ٩ ساڵ، ئارمین ئێران‌نژاد تەمەن ٦ ساڵ و ئارتین ئێران‌نژاد تەمەن ١٥مانگ" خەڵکی گوندی "گلێنە"ی شاری سەردەشت ڕاگەیاندراوە.

بەلەمی گواستنەوەی پەناخوازەکان لە کاتی هاتوچۆ لە کاناڵی "مانش" لە نێوان ئاوەکانی فەرانسە بۆ بریتانیادا نوقم بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی بەرپرسانی فەرانسەوە، دوو منداڵی ٦ و ٩ ساڵ ژن و پیاوەکە، خنکاون و کوڕە تەمەن ١٥ مانگەکە، نادیارە.

کاناڵی مانش لە نێوان فەرانسە و بریتانیا هەڵکەوتووە و ئەو ڕووداوە لە حاڵێکدا ڕووی داوە کە ئیدارەی کەشناسیی بریتانیا، هۆشداری لە مەڕ باری خراپی کەش و هەوا، لە کاناڵی مانش دابوو.