چاوەڕێی گەشەکردنی ئابووریی لە پاش بەرجام نەبن

14:27 - 25 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند، نابێ چاوەڕێی گەشەکردنی ئابووریی وڵات لە پاش بەرجام بین.

ڕۆژنامەی \"حمایت\" لە ژمارەی ئەمڕۆی خۆیدا ڕاپۆرتێکی لەسەر قسەکانی \"عەباس عێراقچی\" ، جیگری وەزیری دەرەوەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بڵاو کردوەتەوە کە تێیدا هاتووە لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە عێراقچی لە لایەن ژوری بازرگانی ئیسفەهانەوە، ناوبراو باسی لە هەندێک خۆش خەیاڵی لە پاش بەرجام کردووە.

عێراقچی ڕایگەیاندووە نابێ چاوەڕێی ئەوە بین کە پاش واژۆکردنی بەرجام ئابوورکەمان گەشە بکات و ئەگەر پێمان وابێت پاش بەرجام هەموو دەرگاکانی ئابوریی ڕوو لە ئێران دەکرینەوە بە هەڵەدا چووینە؛ بە پێچەوانەوە پێویستە کاتێکی زۆری بۆ دابنێین تاکوو لای کۆمپانیا و بانکە گەورەکان متمانە درووست بکەین و ئەو کات هەوڵ بدەین لە ئێراندا سەرمایەکانیان وەگەڕ بخەن.

بە وتەی ناوبراو کۆمپانیا شوێندانەرە جیهانییەکان بۆ چالاکی لە ئێراندا هیچ پەلەیەکیان نییە و بە لەسەرەخۆیی کار دەکەن و ئێمە لە ئێستادا تەنیا دەتوانین پێوەندی لەگەڵ هەندێک کۆمپانیای بچووک دابمەزرێنین تاکوو متمانەی ئەوانی دیکەش وەدەست بێنین.

ئەم قسانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە دوابەدوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ناوکی ئێران و ڕۆژئاوا، حەسەن ڕووحانی لە وتووێژێکی زیندووی تەلەفزیۆنیدا مزگێنی ئەوەی بە خەڵک دا کە خۆیان بۆ \"گەشەی ئابوریی بێ وێنە\" ئامادە بکەن و لەم ڕاستایەشدا بەردەوام ڕۆژنامە و ڕاگەیەنەکانی سەر بە جیناحە حکومەتییەکان بانگەشە بۆ باشتر بوونی دۆخی شپرزی ئابوریی ئێران لە پاش بەرجام دەکەن.

ڕوحانی لە بەشێک لەم دیمانە تەلەفزیۆنییەدا گووتوویەتی:\"لە پاش واژۆکردنی بەرجام هەموو ڕۆژێک ١٠ تاکوو ٢٠ کۆمپانیای زەبەلاح بۆ سەرمایەدانان ڕوو لە ئێران دەکەن!\" و ئەمەش دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابوریی وڵات.