چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە: رێژەی قوربانییەكان لە 30 هەزار كەس تێپەڕی كرد

13:35 - 6 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: لێپرسراوی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە بڵاوی كردەوە، ژومارەی قوربانییانی قەیرانی سووریە لە 30 هەزار كەس تێپەڕیوە.

رامی عەبدولڕەحمان لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی فەرانسە رایگەیاندووە: \" لە ماوەی 18 مانگی رابردوودا 21 هەزار و 534 هاووڵاتیی مەدەنی، 7 هەزار و 322 هێزی حكوومەتی و یەك هەزار و 168 كەس لە سەربازە جیابۆوەكانی ئەرتشی سووریە لە شەڕ و تێكهەڵچوونەكانی ئەو وڵاتەدا بوونەتە قوربانی\".

هاوكات دژبەرانی حكوومەتی سووریە ئاشكرایان كردووە، رۆژی چوارشەممە دوو تەقینەوەی بەهێز شاری دیمەشق پایتەختی سووریەی هەژاندووە.

بەپێی هەمان راپۆرت ئەو تەقینەوانە بەشێك لە ناوەندە نیزامییەكانی حكوومەتییان كردۆتە ئامانج كە تێیدا كۆمەڵێك لە هێزە حكوومەتییەكان كوژراون.

تەلەفیزیۆنی ئەلعەرەبیە بڵاوی كردۆتەوە ئەو تەقینەوانە لە نزیك ستادی گشتیی ئەرتشی سووریە روویان داوە.

\"7180.jpg\"
لە سەرەتای دەسپێكی قەیرانی سووریەوە هەتا ئێستا ئەمە چوارەمین جارە كە ناوەندە نیزامی و ئیتلاعاتییەكانی حكوومەت دەكەونە بەر هێرشی دژبەران.

ئەم هێرش و پێكدادانانە لە كاتێك دان كە كۆمیتەی هاوئاهەنگیی شۆڕشی سووریە رۆژی چوارشەممە رایگەیاند بەهۆی گوللەباران و تۆپبارانی ناوچەی \"دەیرەلزوور\" لەلایەن ئەرتشی سووریەوە دەیان كەس لە خەڵكی ئەو ناوچەیە بوونەتە قوربانی.

پاش ئەو هێرشە هێزە حكوومەتییەكان هێرشیان كردۆتە ناو شارەكە و كۆمەڵێكی بەرچاو لە خەڵكیان دەستبەسەر و دواتر بەكۆمەڵ تیربارانیان كردوون.

ناوەندی راگەیاندنی سووریە كە سەر بە دژبەرانی حكوومەتە، بڵاوی كردۆتەوە كە دوێنێ‌ چوارشەممە تەرمی 40 كەس لە ناوچەی \"ئەلزیبابیە\" لە دەورووبەری دیمەشق دۆزراونەتەوە كە لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە كوژراون.

بەپێی راپۆرتی رێكخراوی مافی مرۆڤی سووریە لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا لە ناوچە جیاجیاكانی ئەو وڵاتە زیاتر لە 200 كەس كوژراون.

هێلاری كلینۆن وەزیری دەروەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە لێدوانێكدا ئاشكرای كردووە كە قەیرانی سووریە بەردەوامە و \"ئەنجومەنی ئاسایش\"ی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەرامبەری ئەم قەویرانەدا دەستەوەستانە.