چالاكێكی سیاسیی شاری بانە بێسەر و شوێنە

14:23 - 27 رێبەندان 2711
كوردپا: چالاكێكی سیاسی و ئەندامی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان لە شاری بانە، پاش بەشداری کردن لە رێوڕەسمی بە خاک سپاردنی تەرمی دوكتور \"ئیبراهیم یوونسی\" هەتا ئێستا بێسەر و شوێنە.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی كوردپا لە بانە، بورهان غەسالی پاش خوێندنەوەی شێعر و پەخشان لە رێوڕەسمی بە خاك سپاردنی تەرمی دوكتوور یوونسی لە شاری بانە بێسەر و شوێنەو جارەنووسی ناڕوونە.

بورهان غەسالی لە رێكەوتی 21ی رێبەندانەوە بێسەر و شوێنە و هیچ زانیارییەك لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نیە.

ئەو چالاکە سیاسییە پێشترێش چەندین جار بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتی و قەزاییەکانی حکوومەتی ئەسلامیی ئێرانەوە بانگهێشت کراوە.
هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا ئەوەشی ئاشکرا کردووە ئەو هاووڵاتییە كوردە لە ساڵی 1382دا بە تاوانی چالاكیی سیاسی لەلایەن دەزگای قەزایی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە 2 ساڵ زیندان حوكم درا.

ئەو چالاكە سیاسییە پێشتریش لە ساڵی 1370دا بە 30 ساڵ دوور خستنەوە بۆ كرمان حوكم درابوو و دوای 12 ساڵ ئیزنی گەڕانەوەی بۆ شاری بانە پێدرا.


بورهان غەسالی بۆ جارێكی تر لە ساڵی 1386دا بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ حیزبێكی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئێران ماوەی 2 مانگ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا دەستبەسەر بووە و دواتریش 2 ساڵ حوكمی هەڵپەسێراوی بۆ بڕایەوە.