چالاكێكی كرێكاری لە شاری سنە دەستبەسەر كرا

13:58 - 27 بەفرانبار 2711
كوردپا: ئەندامی لێژنەی یەكیەتیی ئازادی كرێكارانی ئێران لە شاری سنە دەستبەسەر كرا.

شەیس ئەمانی، چالاكی كرێكاری و ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی \"یەكیەتیی ئازادی كرێكارانی ئێران\" لە حاڵیكدا كە بۆ بەدواداچوون بە پرسی دوو دەستبەسەر كراوی دیكە سەردانی داگای شاری سنەی كردبوو، دەستبەسەر كرا.

شەیس ئەمانی هاوڕێ‌ لەگەڵ چەندین ئەندامی دیكەی ئەو یەكیەتییە بە مەبستی ئاگادار بوون لە رەوش و وەرگرتنی ئیزنی چاوپێكەوتن لەگەڵ شەریف ساعیدپەنا و موزەفەر ساڵح نیا دوو كرێكاری زیندانیی دەستبەسەر كراوی كورد سەردانی دادگایان كردبوو.

ماڵپەڕی یەكیەتیی ئازادی كرێكاران بڵاوی كردەوە، شەیس ئەمانی ماوەی یەك مانگ لەمەوبەر بەهۆی نەخۆشیی فەقەراتەوە نەشتەرگەریی بۆ كراوە.

پێشتریش ئەو هاووڵاتییە كوردە لە ساڵی 1386 لەلایەن دەزگای قەزایی شاری سنەوە بە دوو ساڵ و 6 مانگ زیندانی حوكم درابوو، بەڵام دواتر ئەو حوكمە هەڵوەشابۆوە.