چالاکێکی کرێکاریی کورد بە ٤٢ مانگ زیندانی حوکم درا

19:53 - 10 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی کرێکاریی کورد لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە تاران، حوکمی ٤٢ مانگ زیندانیی تەعزیریی بۆ بڕایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٩ی رەشەمە، جەمیل محەمەدی، چالاکی کرێکاریی کورد بە ئامادەبوونی پارێزەرەکەی لە لقی ١٥ی دادگەی ئینقلابی تاران دادگەیی کراو بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

جەمیل محەمەدی، بە تۆمەتی \"پێکهێنانی کۆبوونەوە بەدژی تەناهیی نەتەوەیی\" لەلایەن دادگەوە ئەو حوکمەی بۆ براوەتەوە.

\"25026.jpg\"
جەمیل محەمەدی، بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا
ئەو چالاکە کرێکارییە کوردە، یەکێک لە ئامادەکارانی تۆماری واژۆی ٤٠ هەزار کەسیی کرێکاران و یەکێک لەو ٦ نوێنەرەی هەزار کەس لە کرێکاران بووە کە سکاڵایان لەسەر گەندەڵیی ٣ هەزار ملیارد تمەنیی رێکخراوی تەئمین ئیجتماعی تۆمار کردووە.

هەروەها، بڕیارە ئەمرۆ ١٠ی رەشەمە، جەعفەر عەزیم‌زادە، یەکێکی دیکە لە چالاکانی کرێکاری بە تۆمەتی \"کۆبوونەوە بەدژی تەناهیی نەتەوەیی و پێکهێنانی ئاستەنگ بۆ ئاسایشی گشتی\" دادگەیی بکرێت.

جەمیل محەمەدی، هاورێ لەگەڵ جەعفەر عەلیزادە، لە نیوەشەوی ١٠ی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر کراو جەمیل بۆماوەی ٢٣ رۆژ و جەعفەر بۆ ماوەی ٤٦ رۆژ لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران لە دەستبەسەریدا بوون.