چالاکێکی کرێکاریی کورد بانگهێشتی دادگەی سنە کرا

14:14 - 13 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە چالاکانی کڕێکاری کوردی خەڵکی شاری سنە، لە رێگەی تەلەفۆنەوە بانگهێشتی دادگەی ئینقلابی شاری سنە کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مێهرداد ئەمین وەزیر، چالاکی کرێکاریی کورد رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ١٢ی رێبەندان، لە رێگەی تەلەفۆنەوە ئاگادار کراوەتەوە، کە بە مەبەستی لێپرسینەوە خۆی بە بازپورسی لقی ١ی دادگای سنە بناسێنێت.

ئەو چالاکە کرێکارییە، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٨ی بەفرانبار، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی سەربە وەزارەتی ئیلاعات و لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کراو پاش ٣ رۆژ مانەوە لە ئیلاعاتی سنە مانی لە خواردن گرتبوو.

\"24508.jpg\"
مێهرداد ئەمین وەزیر، چالاکانی کڕێکاری کوردی خەڵکی شاری سنە
ئەمین وەزیزری، پاش ١٠ رۆژ لێکۆڵینەوەو دەستبەسەری لە ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی سنە، بە دانانی ٥٠ ملوێن تمەن بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

مێهرداد ئەمین وەزیری، کە ساڵی ٩٠ بۆ ماوەی مانگێک دەستبەسەر کرابوو، لە پاییزی ئەو ساڵەدا حوکمی ٥ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراوی بۆ ماوەی ٥ ساڵ، بۆ بڕایەوە.

بە گوتەی سەرچاوە کرێکارییەکان، چالاکانی کڕیکاری، تەنیا بەهۆی داواکاری بۆ زیاد کرانی هەقدەستی کرێکاران و گۆڕینی \"گرێبستی ناعادڵانە\"، پێدانی بیمەی دەرمانی و بێکاری بۆ کرێکاران، لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە برەوڕووی گوشار و دەستبەسەرکران دەبنەوە.

لە ماوەی رابردوودا سەرەڕای بانگهێشت و دەستبەسەر کردنی چالاکانی کرێکاریی کورد، دەیان چالاکی مەزهەبیی ئەندام مەکتەب قورئان لەلایەن ناەوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوەو لە چەندین حاڵەتیشدا ئەو چالاکانە بەرەوڕووی لێدان و سووکایەتی پێکردن بوونەتەوە.