چالاکێکی کرێکاریی لە ناو زینداندا کۆچی دوایی کرد

14:41 - 23 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە چالاکانی کرێکاری لە ئیران، لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج بە هۆی سەکتەی مێشکەوە گیانی لە دەستدا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە ٢٢ی خەرمانان، چالاکێکی کرێکاری بە ناوی شارۆخ زەمانی لە گرتووخانەی رەجای شاری کەرەج گیانی لە دەستدا. ئەو هاووڵاتییە ماوەی ٥ساڵ لە زینداندا بوو.

کۆمیتەی پشتیوانی لە شارۆخ زەمانی مەرگی ناوبراوی\" بە گوماناوی\" ناو بردووە و بڵاویکردووەتەوە، لە کاتی پشکنینی تەرمی زەمانیدا جەستەی پەڵەی خوێنی پێوە بووە و تەنانەت کەلەی سەریشی ئەستوور ببوو.

شاروخ زەمانی تەمەن ٥١ساڵ لە کاتی \"هەواخۆری\"دا لە ناو حەوشەی زیندان نەبینیراوە و پاشان وا بڵاو بووەتەوە کە ناوبراو گیانی لەدەست داوە.

بێهداری زیندانی رەجای شاری کەرەج، هۆکاری گیان لە دەستدانی شارۆخ زەمانی گەڕاندووەتەوە بۆ سەکتەی مێشک.

کۆمیتەی پشتیوانی لە شارۆخ زەمانی داوای توێکاریی بۆ جەستەی تەرمەکە کردووە و ئاشکراشی کردووە، شارۆخ هیچ نەخۆشییەکی نەبووە و لەباری جەستەییەوە تەندروست بووە.
شارۆخ زەمانی چەند جارێک بە تاوانی ئەنجامدانی چالاکی لە رێکخراوە پیشەییەکان دەستبەسەر و دوایین جار لەجۆزەردانی ١٣٩٠ی هەتاوی بە ١١ساڵ زیندانی حوکم درا.

لەمانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا داوای ئازادکردنی شارۆخی کردبوو