چالاکێکی پێشووی خوێندکاری لە مەهاباد، بە ١ ساڵ زیندانی حوکم درا

13:34 - 28 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی پێشووی خوێندکاریی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئاسۆ عەزیزی، چالاکی پێشووی خوێندکاری لە زانکۆی پەیام نووری مەهاباد، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە حوکمی ١ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بۆ بڕایەوە.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی عەزیزی لە لێدوانێکدا بۆ کوردپا، رایگەیاند؛ ئاسۆ لەلایەن دادگای ئینقلابەوە بە \"تەبلیغ بە دژی نیزام\" تۆمەتبار کراوەو بەپێی ئەو تۆمەتە حوکمی زیندانی کرانی بۆ بڕاوەتەوە.

\"24822.jpg\"
ئاسۆ عەزیزی، چالاکی پێشووی خوێندکاری لە زانکۆی پەیام نووری مەهاباد
گوتیشی؛ ئاسۆ عەزیزی کە بە ئامادەبوونی پارێزەر لە دادگای ئینقلابی مەهاباد دادگایی کراوە، چەند رۆژ پێش ئێستا حوکمەکەی پێ راگەیاندراوەو لە دادگای پێداچوونەوەشدا ناڕەزایەتییان بە حوکمەکە دەربڕیوە.

ئاسۆ عەزیزی رۆژی ١٨ی سەرماوەزی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر و سەرئەنجام پاش ٢٧ رۆژ راگیران لە ئیتلاعات و زیندان، بە دانانی بارمتەیەکی قورسی ٢٠٠ ملوێن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

عەزیزی، کە خوێندکاری رشتەی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی پەیام‌نووری مەهاباد بووە، ساڵی ٨٥یش دەستبەسەر و لەلایەن دادگای ئینقلابەوە بە ١ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراو و ساڵی ٨٩ی هەتاویش بۆ جارێکی دیکە دەستبەسەر و بە ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ئەو چالاکە کوردە لە هاوینی ئەمساڵدا، لە کەمپیەنی یارمەتی کۆکردنەوە بۆ شەنگال و کۆبانیدا لە شاری مەهاباد چالاکیی بەرچاوی هەبووە.