چالاکێکی مەدەنی لە ژاوەرۆی مەریوان دەستبەسەر کرا

15:27 - 3 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵیانکۆتایە سەر مالی هاوڵاتییەکی خەڵکی گۆندی \"ئەوێهەنگ\" و دەستبەسەریان کرد.

هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی ژاوەرۆی سەر بە شاری مەریوان، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هاوڵاتییەکی خەڵکی گۆندی \"ئەوێهەنگ\" بە نێوی \"سیروان گوڵزاری\" و دوای پشکنین و تێکدانی کەلوپەلی نێوماڵەکەی، ناوبراویان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستۆتەوە و تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەوێهەنگەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند کە؛ ئەو هێزانەی کە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هاووڵاتی سیروان گوڵزار، لە ٢ ماشێن پێکهاتبوون و بە بێ ئیزنی دادگا و نیشاندانی هیچ بەڵگەیەک ئەو کارەیان کردووە.

ئەم کردارەی هێزەکاری کۆماری ئیسلامی بۆتە هۆی ترسان و تێکچوونی باری دەروونیی ژن و مندالەکانی ئەو هاوڵاتییە کوردە و تاکوو ئێستاش بنەماڵەی ناوبراو سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوام، نەیانتوانیوە لەسەر چارەنووسی کوڕەکەیان هیچ زانیارییەک بەدەست بێنن.

ئەو چالاکە مەدەنییە ساڵانێکە کە لە ئەوێهەنگ و ناوچەی ژاوەرۆ بە گشتی، لە بوارەکانی وەرزش و ژینگەپارێزی و زمانی کوردیدا چالاکیی جۆراوجۆری ئەنجام داوە.

سەرچاوەیەکی خەڵکی ئەوێهەنگ کە نەیویستووە نێوی ئاشکرا بکرێت لەو بارەوە ڕایگەیاندووە کە: \"سیروان گوڵزاری کەسایەتییەکی ناسراو و خۆشەویست و جێگەی ڕێزی خەڵکی گوندی \" ئەوێهەنگ \"ی ناوچەی ژاوەرۆی مەریوانە، کە بەردەوام لاوانی ئەو ناوچەیەی بۆ چالاکیی وەرزشی و خۆپاراستن لە بەکارهێنانی مادە سڕکەرەکان و هاوکات پاراستی ژینگە و پەروەردەی زمانی کوردی هان داوە\".

بنەماڵەی ناوبراو ئەوەشیان ئاشکرا کردووە کە؛ ماوەیەک پێش ئێستا بە هۆی ڕووداوێکەوە لاقی سیروان گوڵزاری بە سەختی شکاوە و پلاتینی بۆ داندراوە و بەو بۆنەیەوە لە ژێر چاوەدێریی توندی پزیشکیدا بووە، و دەستبەسەرکران و بێسەروشوێن بوونی بەم شێوەیە نیگەرانیی بنەماڵەکەی چەند قات زێدەتر کردووە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە بنەماڵە و کەسوکاری سیروان گوڵزاری لە دۆخی ناوبراو و شوێنی دەستبەسەرکرانی و تەنانەت هۆکاری دەستبەسەرکرانی کوڕەکەیان، هیچ زانیارییەکیان نییە.