چالاکێکی سیاسیی کورد بەرەوڕووی مەترسیی سنوورداش کردن بۆتەوە

19:09 - 10 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی سیاسیی کوردی نیشتەجێی وڵاتی هۆلەند، بەرەوڕووی مەترسیی دیپۆرت کرانەوە بووەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"واحید محەممەدزادە\" چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ کە ماوەی نزیک بە دوو ساڵە وەک پەنابەر لە وڵاتی هۆلەند دەژی، مەترسیی رادەست کردنەوەی بۆ وڵاتی ئێران لە ئارا دایە.

واحید محەممەدزادە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، دوو حەفتە پێش ئێستا لە لایەن پۆلیسی وڵاتی هۆلەندەوە ئاگادار کرامەوە کە سەردانی ئیدارەی پۆلیس بکەم، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە کە بەرەوڕووی سنوورداش کارنەوە بۆ وڵاتی ئێران ببمەوە.

ئەو چالاکە سیاسییە باسی لەوەش کرد، سەرەڕای ئەوە کە لە نێوخۆی ئێران و بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار کراوم و تووشی کەمئەندامی بووم، بەڵام پۆلیسی ئەو وڵاتە باوەڕ بە من ناکات و بە گومانەوە قسەکانی من لێک ئەدەنەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری شنۆ کە ماوەی سێ ساڵ ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بووە، ئەوەشی خستەڕوو کە لە ئەگەری رادەست کرانەوەم بۆ وڵاتی ئێران بەرەوڕووی مەترسیی گیانی دەبمەوە، بۆیە داوا لە سەرجەم رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەم، رێگری لەو بڕیارەی پۆلیسی وڵاتی هۆلەند بکەن.

واحید محەممەدزادە تەمەن ٣٢ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵەو بە وتەی ئەو چالاکە سیاسییە، ئەگەری ئەوە دەکرێ هاوکات بنەماڵەکەشی بۆ وڵاتی ئێران دیپۆرت بکرێنەوە.

لە لایەکی دیکەوە دوو پەنابەری سیاسیی کورد بەناوەکانی \'\'فەرید عینایەتی\'\' و \'\'مەحموود عینایەتی\'\' کە ماوەی چوار ساڵە لە وڵاتی نوروێژ نیشتەجێن، مەترسیی ئەوەیان لەسەرە کە رادەستی وڵاتی ئێران بکرێنەوە.