چالاکێکی سیاسیی کورد بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی رەوانەی زیندان کرا

21:16 - 6 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، پاش ئەوەی حوکمەکەی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئوستانەوە پشتڕاست کرایەوە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری رەوانەی زیندان کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەید رەشید تاهیری، کوڕی سەید برایم و خەڵکی گوندی \"پڕداوێ\"ی سەربە شاری شنۆ، پاش ئەوەی رۆژی ٥ی جۆزەردان لەلایەن دادگای ئەو شارە بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی بانگهێشت کراو خۆی بە دادگا ناساند، رەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەتۆمەتی بە راگرتنی چەک بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری و هەروەها تەبلیغ بۆ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بە دانی ٥٠٠ هەزار تمەن مەحکووم کراوە.

\"20191.jpg\"
سەید رەشید تاهیری بەتۆمەتی بە راگرتنی چەک بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری و هەروەها تەبلیغ بۆ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بە دانی ٥٠٠ هەزار تمەن مەحکووم کراوە
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ رەشید تاهیری هاوڕێ لەگەڵ برایەکی خۆی بەناوی موکەمیل تاهیری دەستبەسەر کراوەو ناوبراویش لەلایەن دادگای ئەو شارەوە بە تۆمەتی راگرتنی چەک بە ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری و هەروەها تەبلیغ بۆ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بە دانی ٥٠٠ هەزار تمەن، سزا دراوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی پرداوێی سەربە شاری شنۆ، زستانی ساڵی ١٣٩٢ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستەبسەر کران و پاش ماوەیەک دەستبەسەری، بە دانانی بارمتە بە شیوەی کاتی ئازاد کران.

دەگوترێت، هێزە ئیتلاعاتییەکان سەرەڕای پشکنینی ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، دەستیان بەسەر کەیسی کۆمپیوتێر و کۆمەڵێک کەلوپەلی شەخسیی موکەمیل تاهیری‌شدا گرتبوو.
\"20190.jpg\"