٣ چالاکی سیاسیی کورد ٧٥ ساڵ زیندانییان بۆ بڕایەوە/ مانیان لە خواردن گرت

13:51 - 23 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: سێ زیندانیی سیاسیی کوردی لە زیندانی ناوەندیی سنە و بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە حوکمی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، مانگرتنیان لە خواردن راگەیاند.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە رۆژی چوارشەممەی ئەم حەفتەیەوە، سێ گیراوی سیاسی کە دوانیان برای یەکترن، سەبارەت بە سزای زیندانی درێژماوەو بڕیاری دوو خرانەوە لە زێدی خۆیان، مانیان لە خواردن گرتووە.

ئارام زەمانی، تەمەن ٢٢ ساڵ، سیروان زەمانی (برای یەکتر) و یاسین موقەدەم نەژاد، کەلە زیندانی ناوەندیی شاری سنە لە دەستبەسەریدان، ماوەی دوو رۆژە مانگرتنیان دەست پێکردووە.

بەپێی حوکمی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامی، ئارام زەمانی و سیروان زەمانی هەرکام سزای ٢٢ ساڵ زیندانیی تەعزیرییان بۆ بڕاوەتەوەو ئارام بۆ زیندانی دیزڵ‌ئاباد و سیروانیش بۆ زیندانی \"رامهرمز\"ی ئوستانی خووزستان دوور دەخرێنەوە.

هاوکات یاسین موقەدەم نەژاد، تەمەن ٢٤ ساڵ، لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامییەوە ٣١ ساڵ زیندانیی بۆ بڕاوەتەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردانە، ئە وحوکمەی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامییان بە \"ناعادڵانە\" و \"بێ بنەما\" لە قەڵەم داوە.

کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی لەو باریەوە بڵاوی کردۆتەوە، ئەو سێ زیندانییە کوردە تۆمەتی تێکهەڵچوونی چەکداری لەگەڵ هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان دراوەتە پاڵ.