چالاکانی سیاسی و فەرهەنگی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری روانسەرەوە فشارییان خراوەتە سەر

16:37 - 20 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: بەشێک لەچالاکانی سیاسی‌ و فەرهەنگی شاری روانسەر بە بیانووی پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردییەکان، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەچەند رۆژی رابردوودا، زیاتر لە ١٠ چالاکیی سیاسی و فەرهەنگی خەڵکی شاری روانسەر بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە.

یەکێک لە بانگهێشت کراوەکان بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای راگەیاند، ناوەندە ئەمنیەتییەکان فساریان خستووەتە سەر چالاکانی کورد و داوایان لێکردوون کە دان بە پێوەندییان لەگەڵ حیزبە کوردییەکاندا بنێن.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە لە درێژەدا وتی، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات بە ئێمەیان وتووە: نابێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیوەندییان لەگەڵ کەسانی سەر بەو حیزبانەدا هەبێت.

ئەو چالاکە کوردە لە کۆتاییدا ئەوەشی خستەروو: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری روانسەر هەڕەشەی لێکردووین کە ئەگەر پەیوەندیتان بە ئوپۆزسیۆنی کوردەوە هەبێت لەگەڵ بریاری قوورسی قەزایی بەرەوڕوو دەبنەوە.

لەماوەی یەک مانگی رابردوودا، ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا و شاری ورمێ زیاتر لە ٥٠ چالاکی فەرهەنگیان بانگهێشت و لە رێگای جۆراوجۆرەوە بەربەستیان بۆ چالاکیەکانیان دروست کردووە.

ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ئوستانی ئازەبایجانی رۆژئاوا داوایان لە چالاکانی فەرهەنگی کردبوو کە چالاکییەکانی خۆیان قەتیس بکەنەوە.