چالاكانی مافی مرۆڤ: بەندكراوانی زیندانی كاروونی ئەهواز لەژێر زەخت و گوشار دان

16:39 - 19 بانەمەڕ 2712
كوردپا: بەپێی راپۆرتی چالاكانی مافی مرۆڤ لە ئەهواز، بەندكراوانی زیندانی كاروونی ئەهواز، لەژێر زەخت و گوشاری توندی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەهواز و لێپرسراوانی زیندان دان و بارودۆخییان نالەبارە.

ماڵپەڕی \"میللی - مەزهەبی\" لە راپۆرتێكدا و لەزاری سەرچاوەكانی مافی مرۆڤ لە ئەهوازەوە بڵاوی كردۆتەوە، لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی و قەزاییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە زەخت و گوشارێكی توند بۆ سەر بەندكراوانی زیندانی كاروونی ئەهواز دەستی پێكردووە و ئەوەش بۆتە هۆی هێندێ‌ كێشە بۆ زیندانییان.

بەپێی هەمان راپۆرت و بە فەرمانی دادستانی شاری ئەهواز و ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، دانی مەرەخەسی، بەخشینی مەرجدار و كۆتایی هاتنی حوكمی زیندانیانی كارونی ئەهواز قەدەغە كراوە.

لەو زیندانەدا شێوازی قۆڵبەست كردن و بەدواخستنی دۆسیە و كاتی دادگایی كردنی زیندانییەكان بۆتە دیاردەیەكی زاڵ، بەچەشنێك هێندێ‌ جار تەنانەت لە دوو ساڵیش تێدەپەڕێت.

ماڵپەڕی میللی - مەزهەبی لە درێژەی راپۆرتەكەیدا نووسیویە: زیندانیانی زیندانی كاروونی ئەهواز لەلایەن فەرمانبەر و مەئموورانەوە دەبەسترێنەوە بە دار و باتۆم، باتۆم بەرقی، لوولە دەكەونە ژێر ئازار و ئەزیەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەكانی ناو زیندان، لە كاتی ئازار داندا، هێندێ‌ جار بەندكراوان بەبێ‌ جلوبەرگ و بێ‌ دانی پەتوو دەخرێنە ژووی تاكەكەسییەوە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش داوە لەو جەریانەدا زیندانیانی سیاسی زیاتر لەژێر زەخت و گوشاری دان. لێپرسراوانی زیندان هێندێ‌ جار بۆ گوشار هێنان بۆ ئەو زیندانیانە بەندكراوانی پڕ مەترسییان تێكەڵ دەكەن.

رەوشی خۆراك و ئاو و باری تەندروستیی زیندانی كاروونی ئەهواز یەكێكی دیكە لەو گرفتانەیە كە رووبەڕووی بەندكراوان بۆتەوە و لەلایەكی دیكەشەوە بەهۆی زۆریی ژمارەیی زیندانیان بەشێكیان لەسەر مووزایكی ناو بەندەكان دەخەون.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا لە ئەنجامی ئاڵۆزی و خۆپیشاندانی دانیشتوانی ناوچە عەرەب نشینەكانی ئەهواز كۆمەڵێكی بەرچاو لە هاووڵاتییانی عەرەب دەستبەسەر و چەند كەسیش كوژران و كۆمەڵێكی دیكەش حوكمی ئیعدامیان بۆ بڕاوەتەوە.