چارەنووسی چالاکێکی مەدەنی پاش ٥٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی هێشتا ناڕوونە
چارەنووسی "ئەفشین شێخ ئیسلامی"، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی سنە، پاش ٥٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، ناڕوونە.
ئەو چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، چەندین جار پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی گرتووە و هەتا ئێستا هێزە ئەمنییەتییەکان هۆکاری دەسبەسەرکردنی ناوبرایان ڕانەگەیاندووە.
ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژ، بڕیاری دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە مەدەنییە لەلایەن لقی دووی لێپرسی دادسەرای سنە، درێژ کرایەوە.
"ئەفشین شێخ ئیسلامی وەتەنی"، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بەفرانباری ٩٧ لە سنە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش یەک مانگ لە دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.
ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، ئەو چالاکە مەدەنییە لە دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" ٩١ ڕۆژ زیندانیی تەعزیری بە حسێب کردنی ڕۆژی دەسبەسەرکرانی پێشوو مەحکووم و باقیی زیندانییەکەی ئەو چالاکە مەدەنییە لەگەڵ چوار چالاکی دیکە لەو دۆسیەیە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەخشرابوو.
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، ئەو چالاکە مەدەنییەی دانیشتووی وڵاتی ئامریکا بەهۆی داسەپاندنی حوکمی "ممنوع الخروجی" بوونیەوە لەلایەن لقی دووی لێپرسی دادگای ئینقلابی سنە، هەلی گەڕانەوەی بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی لە ئامریکا، نەبووە.