چارەنووسی هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار پاش دەسبەسەرکرانی ناڕوونە

11:51 - 16 گەلاوێژ 2721

ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "یاسر مەنگووڕی"، کوڕی مستەفا و خەڵکی پیرانشار پاش دەسبەسەرکرانی، نیگەرانیی بنەماڵەکەی لێ کەوتووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکەی ئاگادار، سەرەڕای سەردانە یەک لە دوای یەکەکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە پیرانشار و ورمێ، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون لەبارەی چارەنووس و باودۆخی کوڕەکەیان خۆ دەبوێرن.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "یاسر مەنگووڕی، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە پەیوەندیی تەلەفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە."

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی خستە ڕوو کە ناڕوونیی چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییە نیگەرانیی بنەماڵەکەی لێ کەوتووەتەوە.

ڕۆژی شەممە ٢٦ی پووشپەڕ، ناوبراو بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە لە هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتی وەپاڵدراو و شوێنی ڕاگیرانی یاسر مەنگووڕی، زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.