چارەنووسی هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان پاش دەسبەسەرکرانی هەروا ناڕوونە
لە چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سۆران شەریفی"، خەڵکی بۆکان، پاش دەسبەسەرکرانی زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا تەنیا یەک جار پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی"، بێبەری کراوە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "سۆران شەریفی، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە بارودۆخی جەستەیی نالەبارە".
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەو هاووڵاتییە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی شەریفی، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون لەمەڕ هۆکاری دەسبەسەرکران و چارەنووسی کوڕەکەیان خۆ دەبوێرن".
ڕۆژی دووشەممە ٣ی جۆزەردان، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردووە و هەروەها هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراو لە وانە مۆبایل، کامپیوتێر و کتێبیان لەگەڵ خۆیان بردووە.