پەنابەرێکی سیاسیی کورد لە نۆروێژ، مەترسیی دیپۆرت کرانەوەی لەسەرە

13:59 - 27 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: بۆ رێگرتن لە دیپۆرت کرانەوەی چالاکێکی سیاسیی کوردی نیشتەجێی وڵاتی نۆروێژ بۆ وڵاتی ئێران، کەمپەینێک دەستی بە چالاکی کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەمید عەبدیلی‌پوور، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی ورمێ، کە بەهۆی چالاکیی سیاسی لە ئێراندا رووی لە وڵاتی نۆرویژ کردووەو ماوەی ٦ ساڵە داوای مافی پەنابەریی لەو وڵاتە کردووە، لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە بەرەوڕووی مەترسیی سنوورداش کردنەوە بۆ ئێران بۆتەوە.

بە گوتەی خوشکێکی ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، بڕیاری سنوورداش کردنەوەی حەمید لە کاتێکدایە، کە بەرگەی حوکمەکەی تەحویلی باڵوێزخانەی نۆروێژ لە تاران دراوە، بەڵام سەرەڕای هەبوونی ئەو بەڵگە فەرمییانە و پشتیوانیی سیاسیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانیش، پۆلیسی نۆروێژ بڕیاری سنورداش کردنەوەی ناوبراوی داوە.

\"24809.jpg\"
حەمید عەبدیلی‌پوور، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی ورمێ، کە بەهۆی چالاکیی سیاسی لە ئێراندا رووی لە وڵاتی نۆرویژ کردووە
ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، بەهۆی چالاکیی سیاسی و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانەوە، لەلایەن دادگای ئینقلابی حکوموەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ورمێ، حوکمی ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بۆ بڕایەوەو دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ زیندانی هەتا هەتایی گۆڕدراوە.

خوشکی ئەو چالاکە سیاسییە داوای لە سەرجەم ناوەند و رێکخراوەکانی پشتیوانیی مافی مرۆڤ، لایەنە سیاسی‌یەکان کردووە بۆ رێگرتن لە دیپۆرت کرانەوەی براکەی، هەموو هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ.

هاوکات لەگەڵ مەترسیی دیپۆرت کرانەوەی حەمید عەبدیلی‌پوور بۆ وڵاتی ئێران، کەمپەینێک بۆ رێگرتن لە دێپۆرت کرانەوەی ناوبراو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک دەستی بە چالاکی کردووە، کە داوا کراوە بە نووسینی کۆمێنت پشتیوانیی خۆیان لە مانەوەی ئەو چالاکە سیاسییە لە وڵاتی نۆروێژ دەر ببڕن.