پەرچە کرداری شەهرام نازری، ساڵح نیکبەخت، نیکی کەریمی و مەحموود دەوڵەت ئابادی سەبارەت بە رووداوی تەقینەوەی مین لەگوندی \"نشکاش\"ی مەریوان + وێنــە

18:32 - 1 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای تەقینەوەی مینێکی چێندراو لە کۆنە پایەگایەکی سپای پاسداران لە یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی مەریوان، ٣ کەس لە سیما ناسراوەکانی بواری فەرهەنگ و هونەر سەبارەت بەو رووداوە پەرچەکرداریان نواند.

رۆژی رابردوو رۆژنامەکانی \"ئێعتماد\" و \"شەرق\"ی چاپی تاران وتارێکی کورتیان لە هەرکام لە شەهرام نازری، مەحموود دەوڵەت ئابادی، نیکی کەریمی و ساڵح نیکبەخت بڵاو کردەوە کە پەرچە کرداریان لەمەڕ تەقینەوەی مین و برینداربوونی ٧ منداڵی کورد لە گوندی \"نشکاش\" لە خۆیان نیشان دا.

ئەو سێ سێما لە نوسراوەکانیاندا، بەداخبوونی خۆیان لە هاتنە ئارای ئەو رووداوە و هەروەها هەبوونی مین لەناوچە کوردنشینەکان پاش ٢٥ ساڵ لە کۆتایی هاتنی شەڕ راگەیاندووە و خوازیاری هەرچی زووتر خاوێن کردنەوەی ئەو ناوچانە لە مین بوون.

شەهرام نازری – هونەرمەندی کورد

\"16266.jpg\"
شەهرام نازری: کارەساتەی بەسەر منداڵانی مەریوانی‌دا هاتووە گەلێک جێگەی داخە
ئەو کارەساتەی بەسەر منداڵانی مەریوانی‌دا هاتووە گەلێک جێگەی داخە. کوردەکان بە درێژایی مێژوو خەساری یەکجار گەورەیان بەرکەوتووە، هەموو دەرد و بەڵایەک لە هەر قوژبنێکی ئەم جیهانەوە هاتبێت بەرەوڕووی خەڵکی کورد بووەتەوە.

ئەم رووداوە کزەی لە جەرگی من هەستاند و پێم خۆشە هەر کارێک کە لەدەستی من بێت بۆ ئەو منداڵانەی ئەنجامی بدەم. ئەرکی ئێمەیە کە هەر کارێک کە لەدەستمان دێت، بۆ ئەو منداڵانە درێغی نەکەین. دەوڵەتیش کەمترین کارێک کە دەتوانێ ئەنجامی بدات. ئەوەیە کە لانیکەم ئەو ناوچانە لە مین خاوێن بکاتەوە.

\"16267.jpg\"
زۆر سەیرە کە هەتا ئێستاش ناوچە کوردنشینەکان بە مین‌رێژکراوی ماونەتەوە و پێویستە دەوڵەت بەر لەوەی کە ئەو مین چێندراوانە زیان بە منداڵانی وڵاتەکەمان بگەیەنێت، بیرێک لە خاوێن کردنەوەی ئەو کێڵگە مینانە بکاتەوە! لە حاڵێک دا کە ئەم جۆرە رووداوانە لەماوی چەند ساڵی رابردوودا بە بەردەوامی دووپات بوونەتەوە.

من لە ناخی دڵمەوە بەو کارەساتە دڵگران بووم و پەژارە دایگرتم و هیوادارم ئەگەر بڕیارە کارێک بکرێت، لانیکەم هەرچی زووتر ئەو مینە چێندراوانە پووچەڵ بکرێنەوە.

مەحموود دەوڵەت ئابادی ــ نووسەر

\"16263.jpg\"
مەحموود دەوڵەت ئابادی: بە پێی هەموو رێسایەک دەبێ پاش تەواو بوونی هەر شەڕێک بە زووترین کات کۆمەڵێک رێکاری تایبەت بگیرێتە بەر
بەداخم، بۆ خۆم و بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە هەتا ئەمرۆش پاش چەندین ساڵ گوێیان لە گرمەی مین دەبێت. بە چ شێوەیەک دەبێ دڵنوایی ئەو ئێش و ئازارەی بکرێت.

بە پێی هەموو رێسایەک دەبێ پاش تەواو بوونی هەر شەڕێک بە زووترین کات کۆمەڵێک رێکاری تایبەت بگیرێتە بەر. لە هەنگاوی یەکەم‌دا پێویستە زیان بەرکەتوانی ناوچە شەڕ لێدراوەکان، قەرەبوو بکرێبنەوە و دەبێ گەرەنتی ئەوەیان پێ بدرێت کە چیدیکە بەرەوڕووی زیانی گیانی و ماددی نەبنەوە.

\"16268.jpg\"
زۆر جێگەی داخە کە هەوڵی پووچەڵ کردنەوەی مینە چێندراوەکان بە نیوەچڵی ماونەتەوە یان لە هێندێک شوێن هەر هیچ هەوڵیک ئارادا نەبووە. بێگومان ئەمە ئەرکی دەوڵەتانی ئێران و ئێراق بوو کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا ئەو ناوچە سنوورییانە لە مین پاک بکەنەوە، مەخابن سەرەڕای ئەوەی کە ماوەی زەمەنییەکی زۆریش تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا ئەم هەوڵە وەگەڕ نەکەوتووە.

هیوادارین کە دەوڵەت بە هاوکاریی ناوەندە نێونەتەوەییەکان هەوڵەکانی بۆ خاوێن کردنەوەی ناوچە مینرێژ کراوەکان بخاتە گەڕ و کۆتایی بەو ئازارە گورچوو بڕانە بێنێت.

نیکی کەریمی – ئەکتەری سینەما

\"16265.jpg\"
نیکی کەریمی: ئەو حەوت منداڵە لەو کاتەوەی کە بەرەوڕووی ئەو تەقینەوەیە بوون، ژیانیان بۆ هەتاهەتایە تووشی وەرچەرخان بووە
چۆن دەبێ بڕوا بکەین کە هێشتا زەوی و زارێک بوونیان هەیە کە شوێنی هاتووچۆی هاووڵاتییانی مەدەنییە و ئەگەری ئەوە هەیە بە گیان لەدەست دانی خۆیان نرخی ئەو هاتوچۆیە بدەن. هەتا ئێستاش زەوی و زارێک بوونیان هەیە کە چەند منداڵی بێ تاوان، بەسەریدا تێدەپەڕن و هەتا بە خۆیاندا دێنەوە تەقینەوەی مین کۆتایی بەهەموو شتێک هێناوە.

ئەو حەوت منداڵە لەو کاتەوەی کە بەرەوڕووی ئەو تەقینەوەیە بوون، ژیانیان بۆ هەتاهەتایە تووشی وەرچەرخان بووە.

\"16269.jpg\"
هەر حەوت منداڵەکە ئەمڕۆ و هەتا رۆژەکانی دواتریش لەبەر دەست و لاقی برینداریان، ناتوانن رێگەی قوتابخانە بگرنە بەر و بە جەستەی خوێناویەی لە سسەر تەختەکانی نەخۆشخانە کەوتوون ... بەڵام ئێمە هەر وا دانیشتووین و دەچینە سەر کار و دەگەڕێنەوە بۆ ماڵ بەبێ ئەوەی ئاگامان لە ئێشی زاماەکانی ئەو منداڵانە هەبێت.

رەنگە هەتا چەند رۆژی دیکە ئەم کارەساتە لە یاد بکەین کە ئەم منداڵانە لەمەو بەدوا چۆن دەژین، ئێمە نازانین ئەو مینەی کە بەڕووی ئەو منداڵانەدا تەقییەوە بەدەستی کێ چێندراوە، بەڵام ئەوە دەزانین و نامانهەوێ چیدیکە دەست و لاقی هیچ منداڵێک بەدەستی ئەو مۆتەکەیە بپەڕێت. تەنیا ئەوە دەزانین کە دەبێ ئەو منداڵانە لە زەوییەکی پاک و خاوێن‌دا کایە بکەن، نەوەک لە کێڵگە مینەکانداو بەس.

ساڵح نیکبەخت – مافناس

\"16264.jpg\"
ساڵح نیکبەخت: منداڵانی تەمەن ٧ هەتا ١١ ساڵەی گوندی نشکاشی مەریوان کاتێک کە سەرجەمیان سەرقاڵی تۆپ تۆپێن و کایە کردن بوون لە پڕێکدا تەقینەوەی مین ژیانی لە ژێراو ژوور کردن و خۆشی و شادی لە گوندەکەیان تۆرا و پەژارە بووە میوانی ماڵەکانیان
تەقینەوەی مین لە ناوچە کوردنشینەکانی رۆژئاوای ئێران کە چوار ئوستانی کرماشان، ئیلام، کوردستان و ئازەربایجانی رۆژئاوا لە خۆ دەگرێت، بەرهەمی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و ئێراقە و تەنانەت ناوچە سنوورییەکانی ئوستانی خوزستانیشی تەنیوە کە هەوڵەکان بۆ خاوێن کردنەوەی ئەو ناوچانە لە مین بە نیوە چڵی ماونەتەوە.

منداڵانی تەمەن ٧ هەتا ١١ ساڵەی گوندی نشکاشی مەریوان کاتێک کە سەرجەمیان سەرقاڵی تۆپ تۆپێن و کایە کردن بوون لە پڕێکدا تەقینەوەی مین ژیانی لە ژێراو ژوور کردن و خۆشی و شادی لە گوندەکەیان تۆرا و پەژارە بووە میوانی ماڵەکانیان.

\"16270.jpg\"
هەرچەند بەکارهێنانی مین لە شەڕە ناوچەیی و ناوخۆیەیکاندا قەدەغە کراوە و دەیان رێکخراو و \"ئێن جی ئۆ\" بۆ خەبات بە دژی بەکارهێنانی مین دامەزراون و تەنانەت رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدیعای دژایەتیی بەکار هێنانی مین دەکات، بەڵام هەتا ئێستاش مین وەکوو جۆرەکانی دیکە چەک بەرهەم دێ و وەکوو چەکە کۆمەڵکوژەکان رۆژانە خەڵکی بێ تاوان دەکاتە قوربانی.

لەو ناوچانەی کە ئاماژەیان پێکرا وەکوو \"کۆنە زێدی بەڵا لێدراو\"ی شەڕ، قوتابیانی گوندی نشکاش یەکەم قوربانیین و دوایین قوربانییانی ئەو کێڵگە مینانە نابن، چونکە هەتا ئێستا ناوچە مین ڕێژ کراوەکانی سەرسنوورەکان خاوێن نەکراونەتەوە و رێوشوێنی پێویست بۆ پووچەڵ کردنەوەی مینی نێو کۆنە پایەگاکان لە ناوچە کوردنشینەکان نەگیراوەتە بەر.

گوندی نشکاش و زۆرێک لە گوندەکانی دیکە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ئەگەرچی پایەگا نیزامییەکان چۆڵ کراون، بەڵام دەوروبەری پایەگاکان سەرەرای چەندین ساڵ بە سەر چۆڵ کرانیان‌دا، هێشتا خاوین نەکراونەتەوە و بەهۆی لافاوەوە دێنە سەر رێگەی خەڵکی ئاسایی و مەخابن رۆژ لە دوای رۆژ ئەم کارەساتانە دووپات دەبنەوە.

  \"16271.jpg\"
بێگومان بۆ خاوێن کردنەوەی ناوچە مین‌رێژ کراوەکان کۆمەڵێک هەوڵ دراون، بەڵام هەموویان بە نیوە چڵی ماونەتەوە و رووداوی لەم چەشنەی کە لە گوندی نشکاش هاتە ئاراوە، نیشانەی ئەوەیە کە دەبێ دەوروپشتی ناوچە مین‌رێژ کراوەکانیش بپشکێندرێن و ئەمنیەتی گیانیی هاووڵاتییان دابین بکرێت.

هەنووکە لاقێکی گەشین کەریمی کچە مێر منداڵی مەریوانی کە بۆ خۆی پەپوولەی هیوا بوو، پەڕیوە هاورێ لەگەڵ \"ئاڵا رووبینا\"، \"سینا دژئاهەنگ\" و \"زانا پاو\" کە هەر سێکیان قوتابیی پۆلی یەکەمی سەرەتایین و \"خەبات کەریمی\" و \"بێهنووش دژئاهەنگ\" کە پۆلی چوار و سێی سەرەتایین، چاوەڕێ دەکەن کە وەکوو \"مەتن رەخش ئازەر\"ی هاوڕێیان برینەکانی دەست و لاق و دەم و چاویان سارێژ ببێتەوە و بگەڕێنەوە بۆ لای خوێندن و چیدیکە لەم کۆنە نیشتمانەدا تووشی ئازاری لەو چەشنە نەبین.