پێکهێنانی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ بەشداری لەهەڵبژاردنەکان/ ٨٦ ئێعدام لە ماوەی مانگێکدا

14:05 - 28 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: یەک مانگ دوای دەستپێکردنی ناونووسی بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ئێران، حکوومەت بە پێکهێنانی فەزای ترس و دڵەڕاوکێ و لەسێدارەدانی نزیکەی ١٠٠ هاووڵاتی دەیهەوێ خەڵک پەلکێشی سەندووقەکانی دەنگدان بکات.

بەپشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کاتی دەستپێکی ناونووسی بەربژێرەکانی مەجلیسی شوورای ئیسلامی (٢٨ی سەرماوەز) هەتا ٢٨ی بەفرانبار ، سزای سێددارەی ٨٦ هاووڵاتی ئێرانی لە زیندانەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوە چووە.

حکوومەتی ئێران هەر لە یەکەم رۆژی دەستپێکی ناونووسی بە لەسێدارەدانی ٣ زیندانیی سیاسیی بەلووچ لە زاهیدان ، ئاوی چاوی لە خەڵکی ئێران گرت.

بەپێی ئەم راپۆرتە لەو ماوە زەمەنییەدا زیاترین رێژەی ئێعدام کراوەکان بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان لەسێدارە دراون کە کە ٦٥%ی کۆی گشتی ئەو ئامارە واتە ٥٦ حاڵەت لەخۆ دەگرێت.

هەروەها ٢٤% ( ٢١ حاڵەت ) بەهۆی کوشتنی بە ئەنقەست بە قەساس مەحکووم کراون و سزاکەیان جێبەجێ کراو.

زیندانیانی سیاسی، دزی چەکدارانە و دەستدرێژی هەرکامەیان بە ٣ حاڵەت کەمترین رێژەی ئێعدام کراوەکانیان بەو تۆمەتانەوە هەبووە.

هێڵکاری خوارەوە تاوانی ئەو زیندانیانەی کە لەسێدارە دراون نیشان دەدات:

\"29365.jpg\"

قەزوێن، کەرەج و ورمێ بێ رکابەرن

لە بواری جێبەجێکردنی سزای سێدارە سێ پرێزگای قەزوێن، ئەلبۆرز و ورمێ بە ١٧، ١٤ و ١٠ حاڵەت پلەکانی یەکەم هەتا سێهەمیان بۆ خۆیان تەرخان کردووە و لەسەر یەک نزیکەی نیوەی ئەو ئێعدامیانە واتە ٤١ حاڵەت لەو سێ پارێزگایە جێبەجێ کراوە.

پارێزگاکانی ئازەربایجانی رۆژهەڵات، شیراز و گیلان بە ٧، ٧ و ٦ حاڵەت لە ریزی چوارەم هەتا شەشەم جێیان گرتووە.

لە هەرکام لە پارێزگاکانی کوڕستان، بەندەر عەباس و مازەندەرانیش سزای سێدارەی ٥ هاووڵاتی جێبەجێ کراوە.

لە ماوەی مانگێکدا ١٥ هاووڵاتی کورد لەسێدارە دراون

لەو ماوە زەمەنییەدا، ١٥ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگاکانی ئورمیە و کوڕستان و قەزوێن لە زیندانەکانی قەزوێن، ورمێ و خوڕەمئاوا لەسێدارە دراون کە دەکاتە ١٧%ی کۆی گشتی ئەو کەسانەی لەسێدارە دراون.

هەرەوەها هێندێک راپۆرتی پشتراست نەکراو لە لەسێدارەدانی رێژەیەکی زیاتری هاووڵاتیانی کورد کە قەزوێن بڵاو کراوەتەوە بە هۆی نادیاربوونی شووناسیان ئاژانسی کوردپا ناتوانێ پشتڕاستی بکاتەوە و لەئەگەری پشتڕست کرانی ئەو ڕاپۆرتانە رێژەی لەسێدارەدانی هاووڵاتیانی کورد بۆ سەرووی ٢٠% بەرز دەبێتەوە.

٦% ئێعدمەکان لەپێش چاوی خەڵک بووە

بەپێی ئەم ڕومتاپۆرتە، ئێران بۆ پێکهێنانی فەزای ترس و دڵەڕاوکێ ٦%ی کۆی گشتی ئێعدامەکانی مانگی ڕابردووی کە دەکاتە ٥ حاڵەت لەپێش چاوی خەڵک جێبەجێ کردووە.

ئەو ئێعدامانە لەشارەکانی شیراز ٢ حاڵەت، خۆی پارێزگای ورمێ ١ حاڵەت، شەبێستەری ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات ١ حاڵەت و سورکی مازەندەران ١ حاڵەت جێبەجێ کراون.

بەداخەوە لەم حاڵەتانەدا ئاپۆرایەکی بەرچاوی خەڵک بەمەبەستی بینینی ئێعدامەکان لە شوێنی جێبەجێکردنی سزاکان کۆ بوونەوە کە رێژەیەکی بەرچاویان ژن و منداڵ بوون و ئەمەش دەتوانێ بەدواهاتی قەرەبوو نەکراوی وەکوو چوونەسەرەوەی ئاستی توندوتیژی لەنێو ئەو دوو تویژەی کۆمەڵگادا بەدواوە بێت.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( کوردپا)
کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لەئێران (هێرانا)
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران
هەراز نیوز